ئەمریکا جۆرێکی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تاقیدەکاتەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزی ئاسمانیی ئەمریکا تاقیکردنەوەی مەیدانیی زەمینیی بۆ پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی هەماهەنگیی (CCA) دەستپێکردوە، بەرنامەکە دوو نمونەی سەرەتایی لەخۆدەگرێت کە بریتین لەYFQ-42A لەکۆمپانیای General Atomicsو YFQ-44A لەکۆمپانیای Anduril کە لەئێستادا هەڵسەنگاندنی قورسیان بۆ دەکرێت پێش تاقیکردنەوەی فڕین.


کۆمپانیای Anduril ڕایگەیاندوە، فڕۆکەکانی YFQ-44A یەکەم گەشتی خۆی لەهاوینی 2025 ئەنجامدەدات، ئەمەش پابەندبونی خۆی بەخشتەی خێراکراوی هێزی ئاسمانی پشتڕاستکردەوە.

فڕۆکەکانی CCA بەشێوەیەک دیزاینکراون کە شانبەشانی فڕۆکە جەنگییە بەسەرنشینەکان بفڕن کە مەودای دورترو توانای مانەوەی زیاترو باشترکردنی کاریگەری شەڕکردن بەتێچوی کەمتر پێشکەشدەکەن.

بنکەی هێزی ئاسمانیی بیل لەکالیفۆرنیا یەکەم شوێنی پڕۆسەکانی ئەم فڕۆکانە دەبێت،  هەروەک بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکان بەشێوەیەکی نیمچە سەربەخۆ کاردەکەن، بۆیە پێویستیان بەژمارەیەکی کەمتری کارمەند دەبێت بەراورد بەفڕۆکە جەنگییە کلاسیکییەکان.

کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فڕۆکە بێسەرنشینە نوێکە باسی لەوەکردوە، دەبێت ئاستی داهێنانەکانمان لەئاستی هەڕەشەکان گەورەتربن، هەر ئەوەشە کە بەرنامەی CCA کاری  لەسەردەکات.