فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا ئەنەکەسە، ڕایگەیاند، لامەرکەزیەت هەڕەشە نییە بۆ سەر یەکڕیزی سوریا، بەڵکو نوێنەرایەتی گەرەنتی ڕاستەقینەی مانەوەی سووریا دەکات وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو.
وتەبێژی ئەنەکەسە لەلێدوانێکدا دەڵێت: تاکرەوی و مەرکەزییەتی ڕەها کە بۆ دەیان ساڵ حوکمڕانی سووریای کرد، شکستی خۆی سەلماند و هۆکاری سەرەکی وێرانکاری و دابەشبوون و ئازاری سەختی ئەو وڵاتە بوو.
ناوبراو لە خستنەڕووی دیدگای ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد بۆ ئایندەی سوریا جەختی لەوە کردەوە "مافی ئێمەیە، وەک گەلێکی کورد و پێکهاتەیەکی ڕەسەنی گەلی سوریا، دیدگای خۆمان بۆ ناسنامەی دەوڵەتی داهاتووی سوریا بخەینەڕوو".
یوسف دەشڵێت ئێمە داوای سیستەمێکی دیموکراسی دەکەین کە گەرەنتی هاوبەشی نیشتمانی و دادپەروەری و هاوڵاتییەکی یەکسان بۆ هەموو سورییەکان بکات.