ئەمڕۆ كۆتایی بەوادەكەی كۆمسیۆن بۆ تۆمارکردنى حزب‌و هاوپەیمانییەکان دێت

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3319 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ دەرگاى تۆمارکردنى حزب‌و هاوپەیمانییەکان بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردن په‌رله‌مانى عێراق دادەخرێت.


حەسەن هادى ئەندامی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژادنەکانى عێراق ئاشكرایكردوه‌، ئەمڕۆ 4ى ئایار دەرگاى تۆمارکردنى پارت‌و هاوپەیمانەکاندا دادەخرێت‌و ئەگەر تاکۆتایی دەوامی فەرمی ئەمڕۆ تۆمارنەکرێن، مافى بەشداریکردنیان لەهەڵبژاردنى 11ى تشرینى دوەمدا نابێت.

ده‌شڵێت:"تائێستا 330 حزب داواکارییان پێشکەشکردوە، بەڵام 67 یان مامەڵە یاساییەکانیان تەواونەکراوە، 67 هاوپەیمانی ناوى خۆیان تۆمارکردوە".

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ی تشرینی دوەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی په‌رله‌مانى عێراق دیاریكرد.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا ڕاگەیاندو بەردەوامە لەئامادەكارییەكانی.

كۆمسیۆن ڕاشیگەیاندوە، 17 ملیۆن‌و 999 هەزارو 283 كارتی بایۆمەتری دابەشكراوە.

هەروەها دەشڵێت، "كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو دەنگدەرانەی كە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە".