شارپرێس:
ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕۆژنامەنوسانی بێسنور ئاماژە بەدابەزینی بەرچاوی ئازادی ڕۆژنامەگەریی لەسەرتاسەری جیهاندا دەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئەفریقا لەپلەی خوارەوەی ڕیزبەندییەکان دادەنێن، بەوپێیەی ڕۆژنامەنوسان ڕوبەڕوی مەترسیی گەورە دەبنەوە.
پۆلێنکردنەکە لەسەر بنەمای شیکاریی پێنج فاکتەر دیاریکراوە کە بریتین لەچوارچێوەی یاسایی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیو ئەمنی.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەسوریا مەترسییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی لەوپەڕیدایە، دیمەشق لەڕیزبەندی 177یەمدایە لەکۆی 180، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ڕایگەیاندوە چاوەڕێی چاکسازی ڕیشەیی دەکات لەدوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد کە میدیاکانی سەرکوت دەکرد.
هەرچی میسرە بەردەوامە لەدابەزینی ئاستی ئازادیی کاری رۆژنەماگەریی، بەشێوەیەک ئەو وڵاتە لەڕیزبەندی 10 خراپترین وڵاتی جیهانە، لەئێستادا بەهۆی سنوردارکردنی بەردەوامی حکومەت بۆ ڕوماڵکردنی میدیاکان لە پلەی 170دایە.
لەناوچەکانی فەڵەستین، ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەریی لەپلەی 163یەمدایە وەک مەترسیدارترین ژینگە بۆ سەلامەتی ڕۆژنامەنوسانو ژمارەیەکی "ترسناک" لەکارمەندانی ڕاگەیاندن لەکەرتی غەززە کوژراون.
ڕاپۆرتەکە سوپای ئیسرائیل تۆمەتباردەکات بەوەی لەماوەی 18 مانگی ڕابردودا نزیکەی 200 ڕۆژنامەنوسیان کوشتوە، لەنێویاندا 43 ڕۆژنامەنوسیان لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژنامەوانییاندا، لەئەنجامدا ئیسرائیل بە 11 پلە بۆ پلەی 112 دابەزێت.
لوبنان لەگەڵ ئەوەی لەریزبەندییەکەدا کەمێک بەرەو باشتر بوە، قەیرانە ئابورییەکانو فشارە سیاسییەکانی لوبنان ڕێگرن لەگەشەسەندنی ئازادی میدیاییو لەڕیزبەندی 132 دایە.
تونس گەورەترین دابەزینی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لەناوچەکەدا تۆمارکردوەو دابەزیوە بۆ پلەی 129، ئەمەش لەکاتێکدایە قەیرانێکی سیاسیی دامرکاندێنەر کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕۆژنامەگەریی سەربەخۆ هەبوە.
لەدەوڵەتانی کەنداودا، خۆشگوزەرانیی ئابوریی لەئازادیی میدیادا ڕەنگدانەوەی نەبوەو پیشەکە بەسیاسەتی سەرکوتگەرانەو فشاری سیاسیی کۆتوبەندکراوە، بەوشێوەیە سعودیە لەپلەی 162و عومان لەپلەی 134و کوەیت لەپلەی 128، ئیمارات بەچوار پلە دابەزی بۆ پلەی 164و دوەم خراپترین دابەزینی لەناوچەکە تۆمارکرد.
بەگشتیی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی جیهان لە 42 وڵاتدا دەژین کە بارودۆخی ئازادی ڕۆژنامەگەریی بە "زۆر مەترسیدار" پۆلێنکراوە.
ئاسیای ناوەڕاستو چین خراپبونی بەرچاوی ڕۆژنامەگەرییان بەخۆوە بینیوە، چین لەپلەی 178دایەو کۆریای باکور لەپلەی 179و ئهریتیریا لەخوارەوەی لیستەکەدا دێت.
