پەیامنێری کەناڵی سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی هەینی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی سوریایان کردە ئامانج. دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە دیمەشقی پایتەخت بیستراوە.
هاوکات سەرچاوەیەک بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل ئامانجەکانی لە ناوچەیەیەکی نزیک دیمەشق کردووەتەئامانج.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی سوریا بڵاویکردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل دەوروبەری گوندی شەتحەی باکووری ڕۆژئاوای حەمایان کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل دەوروبەری شارۆچکەی موتابین لە لادێکانی باکوری دەرعای کردە ئامانج.
میدیاکانی سوریا باسیان لە جووڵە چڕەکانی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل کردووە کە لە ئاسمانی لوبنانەوە بەرەو ناوەڕاستی سوریا دەچنە ژوورەوە، هاوتەریب لەگەڵ فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کە بەسەر سنووری سوریا و تورکیادا لە لادێکانی ئیدلب و حەلەب دەسوڕێنەوە.
ئامانجی هێرشە ئەگەرییەکان بۆ ناردنی پەیامێکە بۆ ڕژێمی نوێی سوریا کە کردەوەی تۆڵەسەندنەوە لە دانیشتوانی دروز ئەنجام نەدات.
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، ئەم ئامانجانە لەلایەن سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگرییەوە پەسەندکراون.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل پێشتر ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ بەئامانجگرتنی شوێنی دیکە لە ناوخۆی سوریا، لەوانەش ئامانجە سەربازی و حکومییەکان.
