سه‌نته‌رى میترۆ: ژیریی دەستكرد (AI) مۆدێلێكی نوێی بازرگانی میدیاییه‌

کوردستان

16 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1165 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان، له‌یادی ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا هۆشداریدەدات لەمەترسی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد (AI) وەك ئامرازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ‌و زانیاری گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان‌و داوای باشكردنی ژینگەی كاری ڕۆژنامەنوسان‌و ئازادكردنی حوكمدراوان دەكات.


ئەمڕۆ 3ی ئایار ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ پەروەردەو زانست‌و ڕۆشنبیریی یۆنسكۆ (UNESCO) به‌دروشمی (ڕوماڵكردن لەجیهانێكی نوێدا، كاریگەریی ژیریی دەستكرد (AI) لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری‌و میدیا"، یادی رۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەكاتەوە.

سه‌نته‌رى میترۆ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەڵبژاردنی كاریگەرییەكانی (AI) پەیوەندی بەو گۆڕانەوە هەیە كە زیرەكی دەستكرد هێنایە ئاراوە، ئەم تەكنەلۆژیایە ئەو ئامرازانە بەڕۆژنامەنوسان دەبەخشێت كە دەبنە هۆی بەهێزكردنی ڕاپۆرتی بنكۆڵكاریی، دروستكردنی ناوەڕۆكی میدیایی، وردبینی لەخستنەرووی ڕاستییەكان، لەگەڵ بەردەستخستنی خزمەتگوزاری دەستڕاگەیشتن بەزمانەكان‌و باشتركردنی شیكاری لەداتاكان، سەرباری ئەمەش تەكنەلۆژیاكە هەڵگری مەترسییە بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانە، ساختەكردنی دەنگ‌و ڕەنگ، هەروەها هەڵگری هەڕەشەشە بۆ چاودێریكردنی ڕۆژنامەنوسان".

باس له‌وه‌شده‌كات، "سەرەڕای مەترسییە پیشەییەكانیش ژیریی دەستكرد (AI) مۆدێلێكی نوێی بازرگانی میدیایی دەخاتەڕوو، ئەمەش مشتومڕو نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیداهێناوە سەبارەت بەكاریگەرییەكانی لەسەر ژوری هەواڵ‌و پیشەی ڕۆژنامەنوسان‌و موچەو پاداشتی ماندوبونیان بەوپێیەی دەتوانێت بەشێك لەكارەكانی ئەوان ڕاپەڕێنێت".

‎سەنتەری میترۆ جەختده‌كاتەوە، "ژیریی دەستكرد ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لەدەستەبەركردنی خێرای زانیاری تایبەت بۆ ئەوكەسانەی بەكاریدەهێنن، بەڵام نابێت بكرێت بەئامرازێكی دیكە بۆ بەرهەمهێنانی ساختە هەواڵ‌و زانیاریی گەمەپێكراو، یان پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیان‌و ڕۆژنامەنوسان".

سەنتەری میترۆ باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئەم ڕۆژو بۆنەیەش بەدەرفەت دەزانین بۆ ئەوەی بڵێین، هەرێمی كوردستان لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی گفتوگۆی دیموكراسییە بۆ ده‌ربازبون لەقەیرانە كەڵەكەبوەكانی، ئەمەش پێویستی بەفرەیی ڕاستەقینەی میدیاو ئازادی كاركردنیان‌و بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاریی‌و بیربۆچونی جیاواز هەیە، دور لەگوشارو پێشێلكاریی‌و بەدابینكردنی ژینگەی كاركردنی گونجاو بۆ ڕۆژنامەنوسان".

سەنتەری میترۆ  داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات، "زەمینە خۆشبكات تا میدیا ڕۆڵی خۆی ببینێت‌و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵیت، پێشێلكاران‌و تاوانكارانی بەرامبەر میدیاكاران ڕوبەڕوی دادگا بكاتەوە‌و كارێك بكات دەربازیان نەبێت لەسزا، با ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەری بكرێتە دەرفەتێك بۆ بەپێداچونەوە بەحوكمە دادوەرییەكان دژ بەڕۆژنامەنوسان، "شێروان شێروانی"و "قارەمان شوكری"و هەڵگرتنی تۆمەتەكان لەسەر "ئومێد پەروشكی"و ئازادكردنیان".

میترۆ جەخت لەڕۆڵی گرنگی میدیا دەكاتەوە لەبڵاوكردنەوە زانیاریی‌و گەیاندنی بەشێوەیەكی پیشەییانە، بەئامانجی هۆشیاری زیاتر بۆ تاكەكان، ڕوبەڕوبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانەو ڕه‌تكردنەوەی گوتاری ڕقوكینەو كۆتایهێنان ئاشكراكردنی نهێنی كەسی‌و پاراستنی تایبەتمەندیی‌و جیاكردنەوەی ڕەهەندی گشتیی‌و ڕەهەندی كەسی تایبەت، لەبڵاوكردنەوەدا".