شارپرێس:
وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕەتیدەکاتەوە، "بۆ بەفیڕۆدانی کات" بەشدارییان لەدانوستانە ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا کردبێتو جهختیشدهكاتهوه، "نامانەوێت ململانێیەکی نوێ لەناوچەکە سەرهەڵبدات".
فاتمە مهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا دانوستان دەکەین، چونکە نامانەوێت ململانێیەکی نوێ لەناوچەکەدا سەرهەڵبدات".
تائێستا سێ گەڕی دانوستانی ناڕاستەوخۆی تارانو واشنتۆن لەبارەی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران بەڕێوەچون؛ دوجاریان لەعەممانو جارێکیشیان لەئیتاڵیا بوە، بەشێکی میدیاکانی ئەمریکا باسیان لەوەکردوە، ئێران ویستویەتی لەڕێگەی ئەو گفتوگۆیانە، کات بەدەستبهێنێتو ڕێژەی پیتاندانی یۆرانیۆم بەرزبکاتەوە.
وتەبێژی حکومەتی ئێران ئەو دەنگۆیانەی میدیاکانی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوەو جەختدەکاتەوە، بەشدارییان لەو سێ دانوستانە ناڕاستەوخۆیە "بۆ بەبەفیڕۆدانی کات نەبوە، بەڵکو دەمانویست بگەینە ئەنجام".
سهبارهت بهبۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، مهاجرانی دوپاتیکردەوە، "بەتوندی وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی ئیسرائیل بۆ بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان دەدەینەوە".
وا بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە گەڕی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریکاو ئێران لەعەممان بەڕێوەبچێت، بەڵام دانوستانەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخرانو هەموو جۆرە پەیوەندییەکیش لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕاگیراون.
بەرپرسانی ئەمریکاو لەسەروی هەموانەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکى ئهمریكا چەندینجار جهختیکردوەتەوە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئیسرائیلیش جەختیکردوەتەوە، ئێران هەوڵبدات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بۆمباران دەکات.
