له‌به‌غداوه‌ دڵنیایى به‌موچه‌خۆرانى هه‌رێم ده‌درێت

کوردستان

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی له‌پەرلەمانی عێراق له‌ڕێگه‌ى لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیه‌وه‌ دڵنیایی به‌موچه‌خۆران ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەمساڵ هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنی موچە بۆ هەرێمی کوردستان دروستنابێت‌و هەموو مانگێک لەبەغداوە پارەکە ڕەوانە دەکرێت".


جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی داراییی له‌پەرلەمانی عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، بۆ ئەمساڵ لەو باوەڕەدانین کە گرفت بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دروستبێت، بەهۆی ئەوەی هیچ لایەنێکی بەغدا نایەوێت پێگەی سیاسیی خۆی لەعێراق لەقبکات‌و پێویستییان بەکوردە، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە تەواوی موچەی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌خشتەکانی بودجەش په‌رله‌مانتاره‌كه‌ وتویه‌تى، "خشتەکانی بودجە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە نێدراوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەست خشتەکانی بودجە نانێرێتە پەرلەمانی عیراق تاوەکو بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێندرێت، هەروەها پارەی کاشیش لەبەردەستی حکومەتی عێراق نییە کە پڕۆژەکانی پێ ئەنجامبدات‌و تەنها بەشی موچە دەکات".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ خەلیل غازی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى وتویه‌تى، "چاوەڕوانناکرێت ئەمساڵ خشتەکانی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت‌و دوو هۆکاریش بۆ ئەم مەبەستە هه‌یه‌، یەکەمیان بەهۆی زۆری کورتهێنانی بودجەو دوەمیش بۆ ئەوەی لایەنەکان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکارینەهێنن، بەتایبەت دامەزراندن لەکەرتی گشتییدا".