شارپرێس:
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا سەبارەت بەبژاردە سەربازییەکان لەدژی ئێران ڕایگەیاند، بەمزوانە پێت هێگسێت وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەگاتە ئیسرائیل.
دوو بەرپرسی ئیسرائیل ڕایانگەیاندوه، "هێگسێت بەنیازە 12ی ئایار سەردانی تەلئەبیب بکات، ئەمەش پێش گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
هێگسێت لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، یسرائیل کاتز هەروەها ناتانیاهۆ کۆدەبێتەوە، ئەمەش یەکەم سەردانی وەزیری نوێی بەرگری ئەمریکا دەبێت بۆ ئیسرائیل لەدوای دەستبەکاربونییەوە.
هەرچەندە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆنو تەلئەبیب لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، تاڕادەیەک ئاڵۆزی تێکەوتوە، بەڵام ئیسرائیل سورە لەسەر بژاردەی سەربازییو لێدان لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەکاتێکدا ترەمپ لەدوای نامەکەی بۆ خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران پێداگرە لەسەر دانوستان وەک قۆناغی یەکەم بۆ ڕێککەوتن، لەهەمانکاتدا فشاردەخاتەسەر تاران لەڕێگەی سزاکانو درێژەدان بەهێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی حوسییەکان لەیەمەن.
پێشتریش کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، بڕیارە لە13 تا 16ی ئایاری ئەمساڵ، ترەمپ بەگەشتێک ڕوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتو سەردانەکەی سعودیەو قەتەرو ئیمارات لەخۆدەگرێت.
