شارپرێس:
ژمارەی توشبونو مردن بەتای خوێنبەربون لەعێراق تادێت بەرزدەبێتەوە، لەهەرێمی كوردستانیش جگە لەتۆماركردنی توشبویەك، گومان لەتوشبونی كەسێكی دیكەش دەكرێت.
د. سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "دوای تۆماركردنی یەكەم توشبوو لەكۆیە، گوماندەكەین كەسێكی دیكەش لەهەرێم هەڵگری پەتاكە بێت، بۆ ئەوەش چاوەڕێی ئەنجامی پشكنین دەكەین".
سەبارەت بەو هاوڵاتییەی لەکۆیە توشی نەخۆشی تای خوێنبەربون بوە، د.سەرکار سورچی دەڵێت:"ئەو هاوڵاتییە سەلامەتەو دۆخی تەندروستیی جێگیرەو لەنەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریی چارەسەری پزیشکیی وەردەگرێت".
هەر دوو ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی تەندروستیی تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی توشبونی بەنەخۆشیی تای خوێنبەربون لەهەرێم ڕاگەیاندو ئاشكرایكرد، توشبوەكە پیاوێكی تەمەن 42 ساڵانەو دانیشتوی كۆیەیە.
لەعێراق لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە 40 توشبوی تای خوێنبەربون تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش پێنج مردن بەفەرمی ڕاگەیەندراوە، هەرچەندە چەند میدیا عێراقییەکان دەڵێن، ژمارەی مردوان بۆ حەوت كەس بەرزبوەتەوە.
زۆربەی ئەوكەسانەی لەعێراق بەهۆی تای خوێنبەربون مردونو تۆماركراون چوار کەسیان خەڵکی كەركوكنو دوانیان كارمەندی تەندروستیی بون، لەسەر ئاستی توشبونیش پارێزگای زیقار زۆرترینی تێدایەو 15 توشبوی تێدا تۆماركراوە.
تای خوێنبەربون توشی ئاژەڵ دەبێتو دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، نەخۆشییەكە مرۆڤی توشبوو دوچاری خوێنبەربون دەكاتو تاڕادەی مردن مەترسیی لەسەر ژیانی كەسی توشبوو دروستدەكات.
