شارپرێس:
بۆ یەکەمجار سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، کەرتی غەززەی بەناوچەی برسیی ناساند، ڕاشیدهگهیهنێت، "داوادهكهین دەستبەجێ میکانیزمەکانیان چالاک بکەنو وەکو ناوچەیەکی برسیی مامەڵە لەگەڵ کەرتی غەززەدا بکەن".
چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، محەممەد مستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەربارەی تێکچونی دۆخی مرۆیی لەکەرتی غەززە، داوای لەنەتەوەیەکگرتوەکان کرد دەستبەجێ میکانیزمەکانیان چالاک بکەنو وەکو ناوچەیەکی برسیی مامەڵە لەگەڵ کەرتی غەززەدا بکەن.
لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بڕیارنامەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان جێبەجێبکات کە برسیکردنی وەک چەکی شەڕ قەدەغە دەکات، هەروەها هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتوەکانیش بهگوێرهى پابەندبونەکانیانو یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەرو دان بەکارەساتو برسییەتیدا بنێن.
جەختیشیکردەوە، حکومەتی فەڵەستین بەردەوامدەبێت لەکارکردن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کردەی دوژمنکارانەو برسێتى دژی گەلەکەمان، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هاوڵاتیانمانو گەیشتن بەهۆکارەکانی بوژانەوەو ئاوەدانکردنەوە.
