شارپرێس:
راوێژكارێكی محەمەد شیاع سودانی دڵنیایی بە موچەخۆرانی عێراق دەدات و
دەڵێت، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر موچە نابێت.
مەزهەڕ محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند،"
دڵنیایی بە هاوڵاتییان و موچەخۆران دەدەین کە هیچ ترس و دڵەڕاوكێیان نەبێت و دابەزینی
نرخی نەوت كاریگەری لەسەر موچە نابێت ".
ڕونیشیکردەوە، موچە و
بودجەی حاكمە پارێزراوە و بەهیچ شێوەیەك حكومەت دەستی بۆ نابات، بەڵكو لە كاتی
پێویستدا دەست بۆ پارەی دیكەی ناپێویست دەبرێت كە كاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەی
خەڵك دروست ناكات.
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد،" پێشتر دوو جاری
دیكە هەمان دۆخی دابەزینی نرخی نەوتمان بینیوە، یەكێكیان لە كاتی شەڕی تیرۆر بوو،
ئەوی دیكەشیان لە سەردەمی كۆڕۆنا بوو، لە هەردوو جاریشدا حكومەتی عێراق دۆخەكەی
بەسەركەوتویی تێپەڕاند، بۆیە ئێستا خاوەن شارەزا و پسپۆڕییەكی باشترین بۆ
ئیدارەكردنی باری دارایی وڵات ".