سوپرایزەکەی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟

جیهان

10/05/2025‌ 1526 جار خوێندراوه‌ته‌وه

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەم هەفتەیە سەردانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات و بە وتەی خۆی، لە گەشتەکەیدا "هەواڵێکی گەورە" رادەگەیەنێت، کە لێکدانەوەی زۆر و جیاجیای بۆ دەکرێت.  
 
داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، گۆڕینی ناوی کەنداوی فارس، وەستاندنی جەنگی غەززە، واژۆکردنی رێککەوتنی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران بەشێکن لەو کارانەی دەوترێت لە هەگبەی ئەم هاتنەی ترەمپدان. 
  
یەکێک لەو ئەگەرانەی باس دەکرێت، واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و سعودیەیە بۆ ئەوەی واشنتن لە دانانی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی ئاشتییانەدا یارمەتیی ریاز بدات، بەڵام ئەمە پرسێکی هێندە ساکار نییە و زۆر رەهەندی جیاواز لەخۆدەگرێت.  
    
جۆن ئاڵتەرمان، سەرۆکی بەرنامەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی (CSIS)، پێیوایە ترەمپ لە گەشتەکەیدا لەسەر ئەم بابەتە هەر بڕیارێک بدات، هەنگاوێکی بچووک دەبێت، نەوەک رێککەوتنێکی گەورەی تەواوی کۆتایی، چونکە ئێستا لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ئێران لەگفتوگۆدایە و دەیەوێت هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەکە کە زۆربەی کات نەیاری یەک بوون، لە ناوچەکەدا بپارێزێت. 
 
ئاڵتەرمان روونیدەکاتەوە کە دەکرێت ترەمپ شتێک بکات بۆ ئەوەی وای پیشان بدات پێکەوەکارکردنی واشنتن و ریاز لەسەر بابەتی ئەتۆمیی سعودیە بەرەوپێشچوون بەخۆوە دەبینێت، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆی لە دنەدانی ئێران بەدوور بگرێت.