شارپرێس:
حکومەتی تاڵیبان 14 کەسی لە باکوری ئەفغانستان بە تاوانی مۆسیقا
ژەنین و گۆرانی وتن دەستگیرکردووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت،
بەوپێیەی گۆرانیی و مۆسیقا بە پێچەوانەی بنەماکانی شەرغعەتی ئیسلام و سەرچاوەی
فەسادی ئەخلاقیی دەزانێت.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان لە ساڵی2021 بۆ سەر دەسەڵات، کۆتوبەندی
توندی بەسەر ژیانی ڕۆشنبیریی وڵاتەکەدا سەپاندووە و نمایشی میوزیکی ڕاستەوخۆی لە
شوێنە گشتییەکان و کۆبوونەوەکان و چێشتخانەکان و تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانیش قەدەغە
کردووە.
هەروەک هۆڵەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئیتر ڕێگەیان
پێنادرێت مۆسیقا بژەنن و پەیمانگاکانی مۆسیقا داخراون و ئامێری مۆسیقا و ئامێرە دەنگییەکان
لەناوبراون و سووتێنراون.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی
دەستگیرکراون شەوانە لە ماڵێک لە پایتەختی پارێزگای تەخار کۆبوونەتەوە و تێیدا میوزیکیان
ژەندووە و گۆرانییان وتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە "بێزارکردنی گشتیی"
وەسفی کردووە.
بەپێی ئەو کۆتوبەندانە، زۆرێک لە مۆسیقاژەنەکان
لە ترسی سەرکوتکردن یان لەدەستدانی بژێوی ژیانیان ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن، بەتایبەتیی
کە ئەفغانستان یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان، هەروەک ئەوانەی ماونەتەوە
ناچار بوون گۆرانی ئایینی بەبێ هیچ مۆسیقایەک پێشکەش بکەن، کە تاڵیبان لە یەکەم قۆناغی
حوکمڕانیدا لە ساڵی 1996 تا 2001 ڕێگەی پێدابوو.
