شارپرێس:
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى سوپاو دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) ئاشكرایانكردوه، دواى 43 ساڵ توانیویانه گۆڕی سەربازێکی کوژراویان لەخاکی سوریا بدۆزنهوهو ڕوفاتەکەشیان گەڕاندوەتەوە بۆ تهلئهبیب، هاوكات وەزارەتی بەرگریی ڕوسیاش دەڵێت، "هێزەکانمان لەسوریا هاوکاری ئیسرائیل بون لەدۆزینەوە ڕوفاتی ئهو سەربازەیان".
ههروهك مۆسادو سوپاى ئیسرائیل ڕاگهیهنراوێكى هاوبەشیان بڵاوكردوهتهوهو نوسیویانه، "ئەو سەربازەی سوپای ئیسرائیل لەساڵی 1982 لەشەڕی ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان کوژراوە، بەڵام لەمدوایانەدا لەهەڵمەتێکی هاوبەشی سوپاو مۆساد، توانراوە گۆڕی ئەو سەربازە لەسوریا بدۆزنەوە کە ناوی تەسفی فێڵدمانەو پلەکەی مفەوەزی پلە یەک بوە".
لهلایهكى دیكهشهوه نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ-ى سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دهڵێت:"دوای تێپەڕبونی 43 ساڵ، هێزەکانمان سەرکەوتوبون لەدۆزینەوەو گەڕاندنەوەی ڕوفاتی تەسفی فێڵدمان کە حوزەیرانی 1982 لەشەڕی سوڵتان یەعقوب کە نزیک شارۆچکەیەکی ناوچەی بیقاعه لەڕۆژهەڵاتی لوبنان لەکاتی ڕوبەڕوبونەی سوپای سوریا کوژرابوو".
هاوكات پهیوهست بهو پرسهوه، وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا-ش زانیاریى ئاشكراكردوهو وتویهتى، "هێزەکانی ڕوسیا لەسوریا هاوکاریی سوپاو هەواڵگری ئیسرائیل بون بۆ دۆزینەوەى ڕوفاتی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لەشەڕەکانی دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو".
لهو ڕوهشهوه ژەنڕاڵ ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگهیاندوه، "ئیسرائیل داوای هاوکاریی لەڕوسیا کردوە بۆ دۆزینەوەى ڕوفاتی سەربازهكهى لەسوریا، هەروەها پرۆسەی گەڕانو دۆزینەوە بەیارمەتی هاوبەشى سورییەکانیش بەڕێوەچوەو توانراوە ڕوفاتی سێ سەربازی ئیسرائیل لەچەند ناوچەیەکی دیاریکراوی سوریا بدۆزرێنەوە، کە لەجەنگی یەکەمی لوبناندا کوژراون".
