پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی لەبارەی كۆنگرەی پەكەكەوە رایگەیاند، لەگەڵ ڕاگەیاندراوەكەی پەكەكە، شایەتحاڵی ڕۆژێكی مێژوویین، چونكە لە جوگرافییایەكدا كە ساڵانێكە ئازار دەچێژێت، قوربانی دراوە و دایكان فرمێسكیان ڕشتووە، ئێستا پرۆسەیەكی ئاشتی و ئارامی دەست پێ دەكات. خودی ڕاگەیاندراوەكەی پەكەكە گرنگ و مێژووییە.
پەروین بوڵدان بۆ ئاژانسی فوڕات رایگەیاند، كۆنگرەكە خۆی لەخۆیدا سەركەوتنێكە. چونكە لە هەموو دیدارەكانی ئیمراڵییدا، بەڕێز ئۆجالان هەمیشە جەختی كردووەتەوە كە دەبێت ئیدی ئەم سەردەمە بگۆڕێت بۆ سەردەمێكی دیكە، سەردەمی دیموكراتیكبوون دەست پێ بكات، شەڕ و پێكدادان كۆتاییان پێ بێت. ئێستا ئەنجامی ئەمەمان بەدەستهێنا. بەدیهێنانی ئاشتی و دیموكراتیكبوون بۆ هەموومان گرنگە. بۆیە دەبێت هەمووان ڕووبكەنە ئاشتی. بەبێ گوێدان بەوەی كێ چی كردووە و كێ چی بەخشیووە، دەبێت هەمووان لە دڵی خۆیاندا هەست بە ئاشتی بكەن. باوەڕمان بەم سەردەم و پرۆسەیە هەیە. دەزانین و باوەڕمان وایە، ئەم سەردەمە ئاشتییەكی مەزنی بۆ توركیا هێناوە و بەردەوامیش دەبێت. بۆیە ئەم سەردەمە وەك سەردەمێكی مێژوویی پێناسە دەكەم".
پەروین بوڵدان دەشڵێـت، دەبێت هەمووان هەنگاو بۆ ئاشتی و دیموكراتیكبوون بنێن و كێشەی نەبوونی متمانە كۆتایی بێت، پێویستە هەمووان لەدەوری ئاشتی كۆببنەوە و كار بۆ بەكۆمەڵایەتیكردنەوەی پرۆسەكە بكەن. لەمەودوا هەموو هەنگاوێك بۆ دیموكراتیكبوون، خۆی لەخۆیدا سەركەوتنێكە. بڕوام وایە، ئەو دایكانەی ڕۆڵەكانیان لەدەستداوە و ٤٠ ساڵە لەنێو ئێش و ئازاردان، لە هەمووان زیاتر بەم سەركەوتنە دڵخۆش دەبن. بۆ هەموومان دەبێتە مایەی خێر و خۆشی. بەهیوام و بڕوام وایە، ئەم جوگرافیایەی خوێنی زۆری لێ ڕژاوە و ئێشی زۆری تێدا چێژراوە، بەهار و ڕۆژانێكی خۆش بەخۆیەوە دەبینێت.
