شارپرێس:
کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، لەسبەینێ دوشەممەوه کەشی ناسەقامگیر ڕوو لەهەرێم دەکاتەوەو تاوەبارانو هەورە بروسکە دەستپێدەکاتەوە، دهشڵێت:"پلەکانی گەرما ڕوو لەنزمبونەوەی بەرچاو دەکەن".
بهگوێرهى ڕاپۆرتی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان ساماڵو پەڵە هەور دەبێت، لەناوچە شاخاوییەکانیش هەورى زیاتر دەبێت، بهڵام سبەینێ دوشەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت بەگشتیى، لەئەنجامى دروستبونى ناجێگیریەک لەسەر ناوچەکە ئەگەرى تاوەباران لەسەر بەشێک لەناوچە شاخاوییەکان هەیە بەشێوەى نمە بارانی پچڕ پچڕو هەندێ کاتیش هەورە بروسكهى لەگەڵ دەبێت.
ئهوهش هاتوه، "لەگەڵ ئەم ناجێگیریە لەکەشدا ئەگەرى زیادبونى خێرایی با هەیە کە هەندێکات بەرزبونەوەی تۆزو خۆڵیشى لەگەڵدا دەبێت، ئەگەرى بارانبارین لەسنورى ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى دهۆکو سلێمانى زیاتر دەبێت".
كهشناسى ههرێم دەڵێت:"پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە بەدوو بۆ پێنج پلەى سیلیزى لەتۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ".
لاى خۆیشیهوه محەممەد کەمال شارەزای کەشناسی باسى لهوهكردوه، "سبەینێ دوای نیوەڕۆ بۆ ماوەیەکی کورت لەناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، ئیدارەکانی ڕاپەڕینو سۆران ئەگەری بارانبارین هەیە".
ئهوهشى وتوه، "هەر سبەینێ لەباشوری هەولێر، باشوری کەرکوکو باشوری گەرمیان ئەگەری خۆڵبارین هەیە، خۆڵبارینەکە ناوبەناو تاوەکو 15ی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت، هەندێکجاریش زۆر کەم دەبێتو هەندێکجاریش مامناوەند".
