شارپرێس:
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لهبارهى ئهگهرى پێكهێنانى هاوپهیمانێتى لایهنهكانى دهرهوهى دهسهڵات ڕاگهیهنراوێك بڵاودهكاتهوهو ڕایدهگهیهنێت، "پێمان باشە هاوپەیمانێتیەکە بچێتە ناو حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی تەواوی پشکی کورد بۆ دوو حزبی دەسەڵاتدار نەبێت"، دهشڵێت:"بەڵام بریاری کۆتایی لای کۆمەڵو یەکگرتوە لەگەڵ نەوەی نوێ بەدەنگی هەرسێ لایەن پێکەوە، بەوپێیەی ئەو سێ لایەنە کورسی پەرلەمانی عێراقیان هەیەو لەداهاتوش هەر لایەنێکی دیكه ڕای دەبێت گەر کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا".
ئەمڕۆ یەکشەممە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی فراوانی دەنگە ناڕازییەکان کۆبونەوەو لەدوای کۆبونەوەکە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی لایەنە بەشدارەکانی ناو کۆبونەوەکەی داوهتهوهو نوسیویهتى:"نەوەی نوێو بەشی زۆری لایەنەکان، سەرباری ئەوەی دەزانن کە لەهەر هاوپەیمانێتیەکدا پێویستە دەنگی هاوڵاتیان سەنگو قورسایی لایەنەکان دیاری بکات لەناو ئەو هاوپەیمانێتیە، بەڵام سەرباری ئەو خاڵەو لەبەر پەرۆشی نەوەی نوێ بۆ دروستبونی هاوپەیمانێتیەکەو بەخشینی هیوایەکی زیاتر بەهاوڵاتییانو ڕزگارکردنی خەڵک لەم دۆخە خراپە، ئەوا ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرباری ئەوەی سەرۆکی هاوپەیمانێتیەکەو تەواوی سەرۆک لیستەکان بەمافی خۆمان دەزانین، بەڵام ئامادەین دەستبەرداری بەشێک لەو مافەی خۆمان بین لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی".
ئهوهش هاتوه، "لەهەمانکاتدا بۆ هەمولایەنە بەڕێزەکانی ڕوندەکەینەوە کە هەر لایەنێک ئەگەر داوای دەستکەوتی حزبیو پۆستو پلەیەک بکات زیاد لەحەقو مافی خۆی، ئەوا ڕەنگە سبەی وا لێکبدرێتەوە کە ئەو لایەنە زیاتر مەبەستیەتی هاوپەیمانێتیەکە سەرنەگرێتو زیاتر لەخەمی حزبیدایە".
نهوهى نوێ باسى لهوهشكردوه، "هاوکات ئەگەر پێتانوایە نەوەی نوێ دەبێتە کێشە بۆ هاوپەیمانێتیەکە، ئەوا بەڕێزتان هەموتان دەتوانن پێکەوە هاوپەیمانێتیەکە دروستبکەن بەبێ نەوەی نوێ، ئێمەش لەدەرەوە پشتیوانو هاوکارتان دەبین، نە بەدژی خۆمانتان دەزانینو نە بەنەیار، بەڵکو وەک دۆستو هاوکار دەتانبینین، بەواتایەکی تر، نەوەی نوێ نە مەرجی هەیەو نە مەرجی تەعجیزیو ئاستەمیش بەمافی کەس دەزانێت".
نهوهى نوێ ئاماژهى بهوهشكردوه، بۆیە بفەرمون وەڵامی نەوەی نوێ لەسەر ئەو خاڵانەی کە لەکۆبونەوەى ئێوارەى ڕۆژى شەممە 10ی ئایاری 2025، لەلایەن لایەنە بەشداربوەکانەوە وروژێنران ئەمەیە:
یەکەم: سەرۆکی هاوپەیمانیەکە کێیە؟
هەرچەندە زۆربەی لایەنەکان خۆیان ئاماژەیانداوە بەوەی کە سەرۆکی هاوپەیمانی مافی نەوەی نوێیە، بەڵام ئێمە لەپێناو سەرگرتنی هاوپەیمانێتیەکەو وەک ڕێزێک بۆ بەرێزتان ئەو مافە دەدەینە جەنابتانو پێمانباشە یان نەوەی نوێ بێت یاخود بەتێکڕای دەنگی ئەولایەنانە بریاری لێبدرێت کە بەشداریی هاوپەیمانێتیەکە دەبن.
دوەم: سەرۆکی لیستەکان لەشارەکان کێ دەبن؟
هەرچەندە بەگوێرهى دەنگ دەبوو سەرۆکی هەموو لیستەکان لەهەموو پارێزگاکان بۆ نەوەی نوێ بوایە، بەڵام ئێمە دەستبەرداری هەندێکی دەبین بەمشێوەیە:
(ناو هەرێم نەوەی نوێ دوو سەرۆک لیست، یەکگرتوو یەک سەرۆک لیست، دەرەوەی هەرێم کۆمەڵ یەک سەرۆک لیستو یەکگرتوو یەک سەرۆک لیست).
سێیەم: وتەبێژو مخولی هاوپەیمانیەکە کێ دەبێ؟
پێمان باشە بەرێزێک لەکۆمەڵی دادگەری وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە بێت.
وە مخەولی هاوپەیمانی: پێمان باشە بەڕێزێک لەیەکگرتوی ئیسلامی بێت.
چوارەم: ئایا دەچینە ناو حکومەتى عێراقى یان نا؟
پێمان باشە هاوپەیمانێتیەکە بچێتە ناو حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی تەواوی پشکی کورد بۆ دوو حزبی دەسەڵاتدار نەبێت، بەڵام بریاری کۆتایی لای کۆمەڵو یەکگرتوە لەگەڵ نەوەی نوێ بەدەنگی هەرسێ لایەن پێکەوە، بەوپێیەی ئەوسێ لایەنە کورسی پەرلەمانی عێراقیان هەیە لەئێستادا، لەداهاتوش هەر لایەنێکی تر ڕای دەبێت گەر کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، ئەوان بڕیار دەدەن بەشداریی حکومەت دەبین یاخود نا.
پێنجەم: ئەو لایەنەی لەناو هاوپەیمانیەکە کورسی نەهێنا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟
پێمان باشە پۆستی حکومی (وەکیل وەزیر، مدیر عام، باڵیۆز، پۆستی تریان بدرێتێ)
شەشەم: ناوی هاوپەیمانیەکە چی دەبێت؟
بەدڵی لایەنەکان، نەوەی نوێ هیچ مەرجێکی نییە.
حەوتەم: بڕیاردان لەناو هاوپەیمانیەکە چۆن دەبێ؟ بەزۆرینە یان بەتەوافوق؟
لەئێستادا بەتەوافقی هەرسێ لایەنی نەوەی نوێو یەکگرتوو و کۆمەڵ، یەکی یەک دەنگیان هەیە، لەداهاتوو بەتەوافقی ئەو لایەنانەی کورسیان هەیە.
هەشتەم: لەناوچە جێناکۆکەکان پێکەوە دەبین یان نا؟
بەڵێ پێکەوە دەبین.
نۆیەم: ژمارەى کاندیدی هەر لایەنێک لەناو لیستەکاندا چۆن دەبێت؟
بەدڵی لایەنەکە بێت، ئێمە وەک نەوەی نوێ هیچ کێشەیەکمان نییە گەر لایەنێک کاندید کەم دابنێت یاخود زۆر، بەڵام چەندە کاندید زۆر بێو دەنگ کۆبکاتەوە باشترە بۆ هاوپەیمانێتیەکە.
