شارپرێس:
وتەبێژی پارتی دادو گەشەپیدان کە پارتی دەسەڵاتدارە، لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوەو چەکدانانی پەکەکە پهیامێكى بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "ئەمە هانگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بەتورکیایەکی بێ تیرۆر"، دهشڵێت:"دەبێت جێبەجێکردنی بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوەو چەکدانان، هەموو لقەکانی پارتی کرێکارانو باڵو ڕێکخستنەکانی بگرێتەوە".
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكپارتى) ڕایگەیاند، "دەبێت جێبەجێکردنی بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوەو چەکدانان، هەموو لقەکانی پارتی کرێکارانو باڵو ڕێکخستنەکانی بگرێتەوە، ئەمهش دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لەهەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا".
چەلیک وتى:"دامەزراوە حکومەتییەکانمان لەنزیکەوە چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەن، ئەو قۆناغانە دەخەینە بەردەم سەرۆکەکەمان".
ئهمڕۆ دوشەممە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەڕاگەیەنراوێکدا، ئەنجامی 12مین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لەنێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان بەڕێوەچوو.
پەکەکە، لەڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەکردوە، "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵیو وێرانکاریی لەدژی گەلەکەمان نەهێشتوە، پرسی کورد لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندوەتە خاڵی چارەسەرکردنو لەمڕوەوە پەکەکە ئەرکی مێژویی خۆی تەواوکردوە، لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12مینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردنو بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لەژێر سەرکردایەتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکەو کۆتاییهێنان بەشێوازی خەباتی چەکداریدا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن".
پەکەکە ڕایگهیاندوه، "کۆنگرەکەمان سەرەڕای بەردەوامیی شەڕو هێرشی ئاسمانیو زەمینی بەردەوامو لەهەلومەرجی سەختدا، بەسەرکەوتویی بەڕێوەچوو، کۆنگرەکە، لەیەککاتدا لەدوو ناوچەی جیاواز بەهۆکاری ئەمنی بەسترا، بەکۆی گشتی 232 نوێنەر تێیدا بەشداربون".
بڕیاریشه ئەمڕۆ دوشەممە کابینەی حکومەتی تورکیا بەسەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار کۆببێتەوەو لەکۆبونەوەکەدا، پرۆسەی نوێی ئاشتیو قۆناغی دوای 12مین کۆنگرەی پەکەکە تاووتوێبکات.
