شارپرێس:
شارەزایەكی كەشناسی ڕایگهیاند، کەشێکی ناجێگیر لەناوچەکانمان دەستیپێکردوەو سبەینێ خۆڵبارینی چڕ چەند شارو پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی لەبارەی كەشوهەوای ههرێمهوه ئاشكرایكردوه، "لەئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکور، لەمڕۆوە کەشێکی ناجێگیر لەناوچەکانمان دەستیپێکردوە، ئێستاش بەھۆی ھاتنەناوەوەی ئەو ھەوا فێنکەی لەدەریای ناوەڕاستەوە ھەڵیکردوە، خۆڵبارینێکی چڕ لەناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق دروست بوە".
دهشڵێت:"بۆ سبەینێ سێشەممە، کاریگەریی ئەو خۆڵبارینە زیاتر دەبێتو ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەتایبەتیش ناوچەکانی سلێمانی، كەركوك، هەڵەبجەو گەرمیان، خۆڵبارینەکەیان چڕترو زیاتر دەبێت، بای باشورو باشوری ڕۆژئاوا لەسەر ناوچەکانمان بەخێرایی 20-50 کم/ک چالاک دەبێت، لەھەندێ کاتو شوێنیشدا ھەورەبروسکە چالاک دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی بڕێکی کەم باران".
ئاماژهى بهوهشداوه، سبەینێ پلەی گەرما بەراورد بەئەمڕۆ، 3 تا 4 پلە نزم دەبێتەوە، ڕۆژانی داھاتوش بەھۆی مانەوەی ئەو بارستە ھەوایە، پلەی گەرمی زیاتر نزم دەبێتەوە، لەگەڵ بەردەوامیی خۆڵبارینو با".
بهوتهى ئەو شارەزایەی كەشناسی، "ڕۆژی پێنجشەممەى ئهم ههفتهیه لەکۆتایی ئەم حاڵەتەدا ئەگەری چالاکبونی ھەورەبروسکەی بەھێزو تاوەبارانی بەخوڕو تەرزەش دەبێت، بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانیو سەنتەری پارێزگاکە، ناوچە شاخاوییەکانی ھەولێرو دھۆک، هەروەها ئیدارەی سۆران، پاشان ئێوارەی پێنجشەممە کۆتایی دێتو لەسەرەتای ھەفتەی داھاتوشدا، پلەی گەرما پلەپلە ڕۆژانە ڕوو لەبەرزبونەوە دەکاتەوە".
