ئێران بڕیارێك له‌باره‌ى ئه‌مریكاوه‌ ده‌دات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 25483 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى حكومه‌تى ئێران ئاشكرایكرد، كۆمارى ئیسلامى ئێران بەفەرمیی پێشوازیی لەوەبەرهێنانەکانی ئەمریکا دەکات.


فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند، ئێران ئامادەیە پێشوازیی لەوەبەرهێنانەکانی ئەمریکا بکات ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی واژۆ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاران پێشتر ناڕەزایەتی بەرامبەر وەبەرهێنانەکانی ئەمریکا نەبوەو ئەمریکا خۆی لەدەرفەتە ئابورییەکانی ئێران بێبەشکردوە.

ئەو لێدوانە دوای کۆتاییهاتنی خولی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەتۆمیی نێوان ئێران‌و ئەمریکا لەمەسقەتی پایتەختی عومان هات کە سێ کاتژمێری خایاند.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندوه‌، دانوستانەکان بەرەو تاووتوێکردنی وردەکارییەکان بەرەوپێشچون نەک پرسە گشتییەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی بەرجەستە لەدانوستانەکاندا.

عێراقچی جەختی لەوەکردەوە، گفتوگۆکان ڕاشکاوانەو بەسودبون‌و لەئەنجامدا لێکنزیکبونەوەی زیاتری نێوان هەڵوێستەکانی هەردولا لێکەوتەوە، هاوکات ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبونی دانوستانەکان کراوە، بڕیارە وەزیری دەرەوەی عومان وادەو شوێنی خولی داهاتوو دیاریی بکات.