ترەمپ جارێکی تر باس لەبژاردەی سەربازیی دژ بەئێران دەکات

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگه‌یاند، وڵاتەکەی ڕێگە بەئێران نادات یۆرانیۆم بپیتێنێت، تەنانەت لەئاستێکی نزم‌و بۆ ماوەیەکی کاتیش، وەک ئەوەی هەندێک لەڕاپۆرتەکان ئاماژەی پێدەکەن.


ترەمپ هەروەک بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی کرد ئەگەر تاران بەردەوامبێت لەپیتاندنی یۆرانیۆم، هەرچەندە بەڕونی باسی لەوەکرد کە چارەسەری دیپلۆماسی وەک بژاردەی یەکەمی دەمێنێتەوە.

لەوبارەیەوە بەڕۆژنامەنوسانی وتوە، "ئەوان یۆرانیۆم ناپیتێنن، ئەگەر ئەوکارە بکەن، دەبێت پەنا بۆ شێوازێکی دیکە ببەین".

ئاماژەی بەهێرشی سەربازیی کرد بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەگەر ڕێککەوتنەکە شکستیهێنا.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران پەکیانکەوتوە، دوای ئەوەی لەمانگی نیسانی ڕابردوەوە پێنج خولی دانوستانەکان ئەنجامدراون، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی بنەڕەتی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم، پێشکەوتنی بەرجەستەیان بەدەستنەهێناوە.

تره‌مپ لەیەکەم خولی خۆیدا لەساڵی 2018 لەڕێککەوتنە ئەتۆمییە ڕەسەنەکەی ساڵی 2015 کشایەوەو ئێستا بەدوای ڕێککەوتنێکی نوێ‌و توندتردا دەگەڕێت.

لای خۆیەوە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، پێشنیازەکانی ئەمریکای ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، "لەبەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێراندا نییە"و بەناتەبایی لەگەڵ مافی ڕەوای ئەو وڵاتە به‌گوێره‌ى پەیمانی قەدەغەی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیی هەژمارکرد.