برسیکردنی وەک گوتارێکی سیاسی عێراقی لە (1921 - 2025)

توێژینەوە و شیکاریی

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 101 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئاسۆ حاجی

برسی بوون لە عێڕاقدا، تەنها لە حالەتی مرۆیی دا نەبووە، بەڵکو زۆر جار وەک ئامرازی سیاسی بەکارهاتووە. لە کاتی دروست بوونی (دەوڵەتی عێڕاق)ییەوە، برسیکردنی بە کۆمەڵ وەک ستراتیجیەتێکی ڕانەگەیندراو، لە دژی گەلی کوردستان، ئەو سیاسەتە توندتر بووە لە کاتی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و شۆڕشەکان. مێژووی عێڕاق ئەوە نیشان دەدات، کە برسیکردن وەک گوتارێکی سیاسی بە شێوە و شێوازی جیاواز خۆی دووبارە دەکاتەوە. سیاسەتی عێڕاق دەکرێ لەو دێڕە کورت بکەینەوە:”برسیکردنی مرۆڤێک تەنها لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆی دەکات، هیچ جیاوازی نیە لە کوشتنی بە گوللە”. 

* برسیکردنی بەکۆمەڵ (Mass Starvation): 
سیاسەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، لە پێناو بێبەش کردنی کۆمەڵێک مرۆڤ لە خۆراک، و سزادانیان لە پێناو ئامانجێکی سیاسی.
* (Political Discourse) گوتاری سیاسی:
بەکارهێنانی زمان/بڕیار/ سیاسەت، لە پێناو بەرهەمهێنانەوەی گێڕانەوە(چیڕۆک) لە هێنانەوەی بەهانە بۆ ئەو کردەوانە.

سیاسەتی برسیکردن لەدەوڵەتی عێراقی (1921 - 1958)
لە سەردەمی حوکمی پاشایەتی، دەسەڵاتدارانی عێڕاق پشتیان بە سیاسەتی برسیکردن بەستووە، لە ڕێگای ڕێگریکردن لە گەیشتنی خۆراک بە خەڵک و ڕێگەنەدان بە جولەی بازرگانی بۆ ئەو ناوچانەی کوردستان کە شۆڕشیان تێدا بووە، لە سەردەمی بزووتنەوەی چەکداری شێخ مەحمودی حەفید(1922 - 1924)، هەروەها لە شۆڕشەکانی بارزانی (1931 1932) و (1943 - 1945)، هێزەکانی بەریتانی و عێڕاقی گەمارۆیان خستە سەر ئەو ناوچانە و ڕێگەیان نەدەدا، هیچ بڕ و جۆری خۆراک بە خەڵکەکە بگات. یەکێک لە شایەدحاڵەکانی دەڤەری بارزان، کە لە ئەڕشیڤی یادگەی نیشتیمانی بارزانی پارێزراوە، دەڵێت:”ڕەگی دار و گیامان لەگەڵ بەرد بەسەر دەنا و ئاوکەکەیمان دەخواردەوە، چونکە هیچمان نەبوو جگە لە نزاکردن لە یەزدان”. ئەو جۆرە فشار و سیاسەتە لە دژی خەڵکی سڤیل بەکاردەهێندرا بۆ ئەوەی لە شۆڕشگێڕان دوور بکەونەوە و ناچاریان بکەن لە بەرامبەر تێرکردنیان ملکەچی داواکانی دەسەڵاتداران ببن. دواتر ئەو سیاسەتە زیاتر تەشەنەی کرد و وەک سیاسەتی خاکی سووتاو ناسێندرا، کە جگە لە برسیکردن هەموو ئەوانەی لەو دەڤەرەش دەژیێن ئامانجن و جیاوازیان نیە لە نێوان چەکدارێک و سڤیلێک.

سزا ئابوریەکان لە ژێر سایەی کۆمار دا(1958–1979)
لە گۆڕانی دەسەڵاتی عێڕاق لە پاشایەتیەوە بۆ کۆماری، ستراتیژیەت و سیاسەتیان بەرامبەر بە گەلی کوردستان نەگۆڕا. لەگەڵ هاتنە سەر حوکمی هەر گروپێک بۆ ماوەیەک و تا خۆیان قایم دەکرد، لەگەڵ کورد دەکەوتنە گفتوگۆ و هەندێک نەرمیان دەنواند، بەڵام دواتر هەمان چیڕۆک دووبارە دەبوویەوە. لە سەردەمی کۆماریدا، دەسەڵاتدارانی عێڕاق داهێنانیان کرد لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان، لە عەبدولکەریم قاسمەوە دەستی پێکرد، ئەو سیاسەتە نوێیە خۆی لە دانانی نرخ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان، سەپاندنی بڕێکی کەم و خراپی بەشە خۆراک، کە تەنها کوردستانی دەگرتەوە، ئەو کات گەنمی جوتیارانی کوردیان بە نیوەی ئەو نرخی گەنمی جوتیارێکی عەرەبیان دەکڕیەوە، لە دەڤەری گەرمیان و دەشتی هەولێر تا دەگاتە شەنگال، بە جوتیارانی کوردیان دەگوت:”ئەوەی ڕازی نیە با زەوییەکەی بەجێبهڵێت”. ئەو سیاسەتە هەموو کوردستانی گرتبووەوە، لە کەرکوک، سلێمانی، هەولێر و دهۆک، لەگەڵ بەرەوپێشچوون و گەورە بوونی شۆڕشی ئەیلول، دەسەڵاتدارانی عێڕاق سیاسەتی برسیکردنیان توندتر دەکرد.

برسیکردن وەک ئامرازی لە ناوبردن (1979–1988) 
سەدام کە بە فەرمی دەسەڵاتی عێڕاقی وەرگرت، شێوازێکی توندتری لە سیاسەتی برسیکردن داهێنا، وەک ئامرازێکی کارا و کاریگەرتر بۆ لە ناوبردنی خەڵکی کوردستان. جگە لە زیندە بە چاڵکردنی زیاتر لە 200,000 خەڵکی سڤیل، دەستی کرد بە چۆلکردنی گوندە سنووریەکان و کۆکردنەوەیان لە کۆمەڵگای زۆرەملێ، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئەنفال، ئەو سیاسەتەی فراوانتر و توندتر کرد، کە تێیدا زیاتر لە 5000 گوندی وێران کرد و خەڵکەکەی لە کۆمەڵگا زۆرە ملێکان کۆکردەوە، لە دۆخێکی یەکجار خراپی بێ خۆراکی و خزمەتگوزاری تەندروستی و هەبوونی ئاوی پاک و خزمەتگوزاریەکانی دیکە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی هیومن ڕایتس وۆچ، ئەو دایکانەی منداڵی ساوایان هەبوو جگە لە گریان شتێکی دیکەیان لە دەست نەدەهات، چونکە لە برسان شیر لە مەمکەکانیان نەبوو، هەروەها دەستیان بە بازاڕەکانیش بەدەگەیشت. هەروەها زۆربەی ڕووبەری کوردستان بووە ناوچەی قەدەغەکراو، بەوەش ڕێژەی بێ کاری و کەمبوونەوەی بەرهەم و داهاتی کشتوکاڵی گەیشتە هێلی مەترسی لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە 60% منداڵانی ئەو کۆمەڵگا زۆرەملێیانە دووچاری بەدخۆراکییەکی توند ببوونەوە، کە مەترسی مردنیان هەبوو. ئەوەش لە چوارچێوەی پێناسەی ‘بەکارهێنانی برسیکردن وەک چەک لە دۆخی جەنگدا’ جێگای دەبێتەوە، بە گوێرەی یاساکانی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ.

لە دوای ڕاپەڕینی 1991 عێڕاقی درێژەی بە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دا، تا ساڵی 2003، خەڵکی کوردستان لە ژێر دوو گەمارۆی توندی ئابوری گوزەراندی، گەمارۆیەکی نێودەوڵەتی لە سەر عێڕاق، گەمارۆی عێڕاقیش لە سەر هەرێمی کوردستان. ئەو گەمارۆییە ئەوەندە توند بوو، کە زۆرجار بە چەند مانگێک موچەیەک دابەش دەکرا، هەروەها نرخی خۆراک ئەوەندە بەرز بوو، کە زۆرجار موچەی مانگی کارمەندێک بەشی کڕینی کیلۆیەک شەکر یان ڕۆنی نەدەکرد.

دوای 2003: دەستورێکی نووستوو، نان وەک چەکێکی دانوستان
وێڕای گۆڕانی عێڕاق لە وڵاتێکی مەرکەزییەوە بۆ وڵاتێکی فیدڕالی، وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێڕاق 2005 جێگیرکراوە، بەڵام لەگەڵ بەدیارکەوتنی یەکەمین ناکۆکی سیاسی، دەربارەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان. دروشمیان بووە ئەوە:”یان نەوت ڕادەست بکەن یان دینارێک وەرناگرن”. وەک ئەوەی نوری مالیکی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ئەلعێڕاقیە لە 2014 ڕایگەیاند. ئەو سیاسەتە تا ئێستاش بەردەوامە، وێڕای ئەوەی دوو ساڵ زیاترە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی ڕاگرتووە و ڕازی بووە کە ئەو بڕەیەی بە گوێرەی یاسای بودجە بۆی داندراوە لە ڕێگای (سۆمۆ)وە هەناردە بکرێت. لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، کە دەزگای هەوڵگەری عێڕاق بە هاوکاری دەزگا هەوڵگرییەکانی وڵاتابی ئیقلیمی توانیان چەند گروپێک لە ناوخۆی کوردستان دروست بکەن، کە ببنە درێژکراوەی گوتاری هێزە شیعە باڵادەستەکانی سەر بە ئێران، لە تۆمەتبارکردنی حکومەت و خەڵکی کوردستان، هەروەها ئەستۆپاککردنی حکومەتی عێڕاق و میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران.

ئێستا کە ڕێکەوتنی حکومەتی کوردستان و عێڕاق، هەروەها بڕیاری دادگای فیدڕالی هەیە، بە دوورخستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە کێشە و پرسە سیاسیەکان، بەڵام لەگەڵ نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق، هێزە شیعییەکان لە ڕێگای وەزارەتی دارایی عێڕاق بڕیاری نەناردنی موچە دەدەنەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو گوتەیەی حەیدەر عەبادیەوە جێگای دەبێتەوە کاتێک گوتی:”هەر لایەنێکی عەرەبی موچەی کوردستان نەنێرێ و زیاتر برسیان بکات، لە هەڵبژاردن دەنگەکانی زیاد دەکا و کورسی زیاتر دەباتەوە”.

میدیا وەک ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە برسیکردن
گوتاری زاڵی میدیای عێڕاقی، بە باڵە عەرەبیەکەیەوە (میدیای هێز و میلیشیا شیعەکان و بەشێک لە هێزە سونییەکان) هەروەها باڵە کوردیەکەی، لەو میدیایانەی درێژکراوەی گوتاری خۆڕادەستکردنن بە بەغدا، کە لەلایەن چەند هێزێکی کوردستانیەوە پاڵپشتیان دەکرێت و بەڕێوەدەبردرێن، بە سوود وەرگرتن لە گوتاری پۆپۆلیستی (شەعبەوی)، کە هەرێمی کوردستان وەک تۆمەتبار و هۆکاری ئەو گرفتانە وێنە بکەن، بەوەی کە پارە لە میزانیەی عێڕاق و نەوتی بەسڕە دەبات و هیچیش ناداتەوە گەنجینەی گشتی عێڕاق، هەروەها هەوڵی پارچەکردن و بێهێزکردنی عێڕاق دەدات. ئەو میدیایە بە هەردوو باڵە عەرەبی و کوردییەکەیەوە، خۆراک لەو چەواشەکاریانەوە وەردەگرێت، کە لە لێدوان و هەڵوێستی ژمارەیەک پەڕلەمانتاری ‘کورد’ لە پەڕلەمانی عێڕاق، هەروها ژمارەیەک لە ‘ڕۆژنامەوان و نووسەر’ وەبەردێن. کە لە ڕێگای کەناڵە میدیاییەکانیانەوە، بە میدیای نەریتی و میدیای نوێوە، کە سەکۆ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەر کاریگەرن.

لێکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی برسیکردنی بە کۆمەڵ.
- کۆچکردنی کەسانی پسپۆڕ.
- فراوانبوونی کەلێن لە نێوان حکومەت و خەڵک.
- بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە کوردستان دا.
- نەمانی متمانە لە نێوان حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێڕاق.
- خورتبوونی گوتاری ڕکوکینە لە نێوان پێکهاتەکانی عێڕاق، بە تایبەتی هەردوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب.

دەکرێ پەیوەندی ئێستای خەڵکی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێڕاق، لە گوتەی قوتابیەکی زانکۆ لە هەولێر کە لە 2023 لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی گوتی:”ناچارین لە چوارچێوی دەوڵەتێک بژین، ئێستا بە گوللە نا بەڵکو لە برسان دەمانکوژێت”.

بەپێداچوونەوە بەمێژوی دەوڵەتی عێڕاق، دەگەینە ئەو ڕاستیەی، کە یەکێک لە پێکهێنەرەکانی گوتاری سیاسی عێڕاقی لە دژی خەڵکی کوردستان، وێڕای گۆڕانی سیستەم و دەسەڵاتداران، بەڵام گوتارە تا ئێستا درێژ دەبێتەوە، بە هەمان بنەما و چوارچێوە “ملکەچ بن یان بمرن”. پرسیارە جدی و گرنگەکە ئەوەیە:”ئایا دەوڵەتێکی فیدڕالی دەتوانێت پارێزگاری لە هاوبەشی و هاوسەنگی بکات، لەگەڵ یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکیەکانە ئەو دەوڵەتە، تا کەی دەتوانێت درێژە بە ستراتیژیەت و سیاسەتی برسیکردن بدات!”.