به‌هۆى سه‌ركێشیه‌كه‌وه‌ شەش گەشتیار مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ژیانیان دروستكرد

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنزیک ڕێژگەی کانی بڵ کە سەرچاوەیەکی ئاوی ڕوباری گوندی هەجیجە لەسنوری شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەش گەشتیار لەخنکان ڕزگارکران.


بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو شەش گەشتیارە بەبەلەمێکی ڕێگە پێنەدراو چونەتە نێو ڕوباری گوندی هەجیج، بەهۆی سەرکێشییەوە توشی ڕوداوێکی نەخوازراو بون، بەڵام تیمەکانی مەلەوانی‌و فریاگوزاریی، بەهانایانەوە چون‌و لەخنکان ڕزگاریان کردن.

هەر لەبارەی ڕوداوەکەوە، داواکاری گشتیی شاری پاوە لەڕایگەیەندراوێکدا ئاماژەی به‌وه‌داوە، ئەو گەشتیارانە لەشارۆچکەی سەوڵاوەی پارێزگای سنە بەبەلەمێکەوە سەردانی گوندی هەجیجیان کردوەو ئێوارەی دوێنێ بەهۆی سەرکێشییەوە بەلەمەکەیان نقومبوەو نزیکبون لەخنکان، بەڵام تیمەکان زوو فریایان کەوتون.

ئاماژەی بەوەشداوە، شەش گەشتیارەکە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕێنمایی‌و کەلوپەلە پێویستی وەک، بیمە، ئیلەگی هەوایی، مۆڵەتی بەلەمەوانی چونەتە ناو ڕوباری هەجیج‌و لەئاوڕێژی سەرچاوەی ڕوباری هەجیج نزیک بونەتەوە، لەکاتێکدا تابلۆی هۆشداریی نزیک نەکەوتنەوە لەو شوێنە دانراوە.

هەر لەڕونکردنەوەی داواکاری گشتیی پاوە هاتوە، دوای ئەم ڕوداوە، ئێستا بەڕاکێشانی هێڵیکی سەلامەتی سنورێک دیاریکراوە بۆ ئەوە، تاوه‌کو بەلەمەکان لەپێناو پاراستنی گیانی سەرنشینەکانیان ئەو بەربەستە ئەمنییە نەبەزێنن‌و ڕوداوی دیکەی لەمشێوەیەش دوبارە نەبێتەوە.

هاوکات هۆشداریشیداوە، هەر بەلەمێک بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، بخرێتە نێو ئاوی بەنداوی داریان لەسنوری گوندی هەجیج دەستی بەسەردا دەگیرێت‌و ڕێکاریی توندی یاسایی بەرامبەر بەخاوەنەکەشی دەگیرێتەبەر.