قه‌یس خه‌زعه‌لى هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لەهاوڵاتییانی هەرێم دەکات فشاربخەنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبون بەدەستورو بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، ده‌شڵێن:"حكومه‌تى هه‌رێم نه‌وت به‌نرخى خۆڵ ده‌فرۆشێت".


قەیس خەزعەلی لەوتارى نوێژی جەژندا په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "کێشەى بنەڕەتی کە تەواوی کێشەکانی لێوه‌ سەرچاوە دەگرن ئەوەیە، زۆرینەی بەرپرسانی هەرێم بڕوایان بەعێراقێکی یەکگرتوو نییە".

ئه‌وه‌شى وت:"ڕێژەی هەژاریی لەهەرێمی كوردستان زیاترە لەناوچەكانی ناوەڕاست‌و باشور، ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، زۆرینەی پەناخوازانى عێراق لەدەرەوەی وڵات، خەڵکی هەرێمی کوردستانن".

به‌وته‌ى خەزعەلی، "بەرپرسیارێتی دەوڵەت كارێكی هاوبەشە، هەموو خەڵکی عێراق بەبێ جیاوازی ماف‌و ئەرکیان هەیە، ئەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ئەوە نامەنتیقیە داوای هەموو شتێک بکەن بەبێئەوەی هیچ شتێک بدەن".

لەبەشێكی دیكه‌ى وتارەكەیدا خه‌زعه‌لى جه‌ختیكرده‌وه‌، "حکومەتی هەرێم داهاتی نەوت ڕادەستی بەغدا ناکات‌و بەنرخی خوڵ-یش نه‌وت دەفرۆشێت، داهاتی دەروازە فەرمی‌و نایاساییەکانی هەرێم ڕادەستی بەغدا ناكات".

ئه‌میندارى گشتیى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق باسى له‌وه‌شكرد، "هەندێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن لەکوردستان بانگەشەی ئەوە دەکەن، من لەپشت بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوەم، له‌كاتێكدا بڕیاره‌كه‌ بڕیارێكى حكومییه‌و په‌یوه‌ندیی به‌منه‌وه‌ نییه‌".

قەیس خەزعەلی وتی، "خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر هەموو ئەو رۆڵانەی گەلەکەمان کە پابەندن بەعێراقێکی یەکگرتوو، خێرو چاکەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەمانەوەیانە لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، نەک لەجیابونەوە".