شارپرێس:
لهسهرهتاى ئەم مانگەدا کۆبونەوەیەک لەدیمەشقی پایتەختی سوریا بەڕێوەچوو، كۆبونهوهكه لهنێوان حکومەتی سوریاو ڕۆژئاواى كوردستان بوو، سهرۆكى وهفدى ڕۆژئاوا لهبارهى ئهو كۆبونهوهیه زانیاریى گرنگ ئاشكرادهكات.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ئهوكات كهنداڵ جودى پهیامنێرى شارپرێس لهڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، گفتوگۆکان لەسەر پێکهێنانی لیژنەی لاوەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دهبێت کە لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەسەرپەرشتی ئەمریکا واژۆکراوە.
لهوبارهیهوه پەروین یوسف سەرۆکی وهفدى کوردیو هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) بۆ ڕۆژنامەى شەرقولئەوسەت قسهیكردوهو وتویهتى، "کۆبونەوەکان ئەرێنی بونو بەئاگاداریو پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیو ئەمریکاو زلهێزەکانی ناوچەکە بەڕێوەچون، بڕیاردراوە دوای پشوی جەژنی قوربان، لیژنە لاوەکییەکان پێکبهێنرێت".
وتیشی:"ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردولادا هەبوو بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لەهەموو بوارەکاندا بەسەرپەرشتی لیژنەی ناوەندیی، بەوپێیەی چەند پرسو فایلێک هەیە کە پێویستیان بەپسپۆڕیی هەردولا هەیە، بۆ گەیشتن بەدیدگایەکی هاوبەشیش بۆ تێکەڵکردنی ئیدارەی خۆسەر بەپێکهاتەکانی دەوڵەتی سوریا".
وهكو ژنه بهرپرسهكهى ڕۆژئاواى باسیكردوه، "لەنێو ئەو لیژنانەی کە بڕیارە پێکبهێنرێن، لیژنەی کارگێڕیی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لەچۆنیەتی تێکەڵکردنی دامودەزگا ئیدارییەکانو فەرمانبەرەکانیان لەپێکهاتەو دەستەکانی دەوڵەتدا؛ لیژنەیەکی دوەمی پەروەردەیی بۆ ناونوسینی قوتابیان، قوتابخانەکانو کۆمەڵگە پەروەردەییەکان لەوەزارەتی پەروەردەو داننان بەبڕوانامەو ئاستەکانیان".
ئهوهشى وت:"لیژنەیەکى تایبەتمەند بەهێزە ئەمنیو سەربازییەکانو چۆنیەتی تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لەپێکهاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگرییو ناوخۆو لیژنەکانی تر کە دواتر بهگوێرهى پێویست دیاریدەکرێن".
ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەرى ڕۆژئاواى كوردستان بەسەر چوار پارێزگاری سوریادا دابەشکراون کە دەکەونە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئهو وڵاتەوە، بۆ نمونه، لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، لادێکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، ناوەندی شارەکانی ڕەققەو تەبقە، جگە لەپارێزگاری حەسەکەو شاری قامیشلۆ کە حەوت شارستانی ناوخۆیی بەڕێوەدەبرێن لەلایەن ئەنجومەنەکانەوە.
جەختی لهوهشكردوهتهوه، "ئەم ئیدارە ناوخۆییانە بەشێکن لەو سیستەمە حوکمڕانییەی کە خەڵکەکەیان بەڕێوەی دەبەن، کە بەباشی ئاگاداری کێشەکانیانن، بەواتایەکی دیكه دەمانەوێت مافی ئەو ئیدارانە بپارێزین بۆ پەرەپێدانو هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق لەسەر بنەمای ڕێکخستنە دەستورییەکانو دەستەبەرکردنی بەردەوامی یاساییو ڕەواییان".
زیاتر لهبارهى گفتوگۆكانهوه باسى لهوهكردوه، "ئێمە بەشێکین لەسوریا، ئەمەش هەڵوێستێکی پرەنسیپییە بۆ ئێمە، لامەرکەزییەت دژایەتی یەکڕیزیی نییە، هەمومان سوریین، بەڵام بۆ هەر هەرێمێک تایبەتمەندی نەتەوەیی هەیە، لەگەڵ هەمەجۆریی ئایینیو نەتەوەیی، واته لا مهركهزیى بهواتاى جیابونهوهى ئێمه نییهو نایات، لهسوریا".
بهوتهى پەروین یوسف، "لهكۆبونهوهكهى دیمهشقدا جگە لەپرسە سەربازییو ئیداریەکان باس لەبارودۆخی ئابورییو ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانو وزەش كراوه، ههمولایهكیش ئهوه دهزانن ههسهده لەئێستادا نزیکەی 85%ی سامانی ههموو سوریاى لهژێر دهستدایه، جگە لە 45%ی کێڵگەکانی گازی سروشتیو بەرهەمهێنانیان، لەوانە کێڵگەکانی ئەلعومەرو ئەلتەناک لەلادێی دێرەزۆر لەڕۆژهەڵاتی سوریا".
