13 حاجى گیانیان له‌ده‌ستدا

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 13151 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمەڵەی مانگی سوری ئێرانی ئاشكرایكردوه‌، بەهۆى شەپۆلى گەرماوه‌، 13 حاجی ئێرانی لەسعودیە گیانیان لەدەستداوە.


بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵه‌ش هاوکاتە لەگەڵ زیادبونی هۆشدارییەکان لەمەترسییەکانی بەرزبونەوەى پلەکانى گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی کە گەیشتوەتە 47 پلەی سەدی.

کۆمەڵەى مانگى سورى ئێرانى ڕایگەیاندوه‌، 13 حاجی ئەو وڵاتە گیانیانلەدەستداوە، داواش لەحاجییان دەکات خۆیان لەبەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بەدوربگرن، بڕێکی زۆر ئاو بخۆنەوە، جلوبەرگی کاڵی لۆکە لەبەربکەن‌و لەکاتەکانی نیوەڕۆدا چەتر بەکاربهێنن یان لەشوێنی سێبەردا بمێننەوە.

ناوەندە پزیشکییەکانی ئێران لەشارەکانى مەکكەو مەدینە دەڵێن، تائێستا زیاتر لە 138 هه‌زارو 900 حاجى سەردانی بنكه‌و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌كانیان كردوه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى ته‌ندروستیان تێكچوه‌و هۆكارى سه‌ره‌كیش به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما بوه‌، زیاتر لە 96 حاڵەتی مەترسیداریان لەعەرەفات‌و 41 حاڵەتی دیكه‌شیان لەمینا بوە، هەروەها بارودۆخی هەندێک لەحاجییەکانیش باش نییەو لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

کۆمەڵەکە هۆشداریداوە، لەکاتى دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک سەرگێژخواردن، دڵتێکەڵهاتن‌و خێرا لێدانی دڵ، پێویستی بەچارەسەری پزیشکیی بەپەلە هەیە.

به‌گوێره‌ى ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی حاجییانی ئێرانی ئەمساڵ نزیکەی 86 هه‌زارو 700 حاجیه‌.