شارپرێس:
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی پێداچونەوەیان بەڕاپۆرتە هەواڵگرییەکاندا کردوە، ئێران موشەکو کەرەستەی سەربازیی دیکەی ئامادەکردوە بۆ ئەوەی هێرشبکاتەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لەکاتێکدا ئەگەر ئەمریکا بەشداریی شەڕی ئیسرائیل بکات دژی ئەو وڵاتە.
ئەمریکا خۆی بۆ هەر ئەگەرێکی شەڕ ئامادەکردوەو نزیکەی 30 فڕۆکەی پڕکردنەوەی سوتەمەنی ڕەوانەی ئەوروپا کردوە، بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمریکا، ئەمەش لەهەر هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترسی شەڕێکی فراوانتر لەنێو بەرپرسانی ئەمریکادا پەرەیسەندوە، ئەمەش بەهۆی ئەو فشارەی ئیسرائیلەوەیە کە بەردەوام دەیخاتە سەر کۆشکی سپی بۆ دەستوەردان لەململانێکانی لەگەڵ ئێراندا.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان کردوە، ئەگەر ئەمریکا پەیوەندیی بەهێرشی ئیسرائیلەوە بکاتو هێرشبکاتەسەر فۆردو کە دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئەتۆمی ئێرانە، ئەوا میلیشیا حوسییەکانی سەر بەئێران بەدەست بەبۆمبارانکردنی کەشتییەکانی دەریای سور دەکەنەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، پێدەچێت میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لەعێراقو سوریا هەوڵی هێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەوێ بدەن.
ڕاشیانگەیاند، "لەئەگەری هێرشێکدا، ڕەنگە ئێران بەچاندنی مین لەگەروی هورمز دەستپێبکات، ئەمەش ئامانج لێی ڕێگریکردنە لەکەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەکەنداوی فارس".
هێزەکانی ئەمریکا لەبنکە سەربازییەکانی سەرتاسەری ناوچەکە لەحاڵەتی ئامادەباشی دانراون، ئەمریکا زیاتر لە 40 هەزار سەربازی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوە پێکردوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دوو بەرپرسی ئێرانی دانیان بەوەداناوە، ئێران هێرشدەکاتەسەر بنکەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەتا لەبنکەکانی عێراقەوە دەستپێدەکات، ئەگەر ئەمریکا بەشداریی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکات.
ئەو بەرپرسانە باسیان لەوەشکرد، ئێران هەر بنکەیەکی ئەمریکا لەهەر وڵاتێکی عەرەبیشدا بەشداریی هێرشەکە بکات، هێرشدەکاتەسەر ئەو وڵاتەش.
لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ئەگەری پەیوەستبونی هێزەکانی ئەمریکا بۆ شەڕەکە زیاتر بوە لەکاتێکدا ئیسرائیل درێژە بەهەڵمەتەکانی دەداتو ئێرانیش بەهەڵدانی شەپۆلی موشەک بەرەو ئیسرائیل وەڵامدەداتەوە.
تائێستا ڕون نەبوەتەوە هێرشکردنەسەر فۆردۆ چەندە زیان بەتوانا ئەتۆمییەکانی ئێران دهگهیهنێت یان ئێران تا چەند پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دوادەخات، کۆگای ئێستای ئێران لەیۆرانیۆمی پیتێنراو لەتونێلەکاندا لەشوێنی جیاجیا لەسەرتاسەری وڵاتدا شاراوەتەوە.
ئەو بەرپرسانەی ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، "ئیسرائیل پێویستی بەهاوکاریی ئەمریکا دەبێت بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگەیەنێت".
هەروەها بەرپرسان دەڵێن، ئەگەری زۆرە دەرئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بۆمبهاوێژە دزێوەکانی B-2ی ئەمریکا بەچەکی Massive Ordnance Penetrator (MOP) تەیارکراون، لەڕوی تیۆریەوە توانای چونە ژورەوەی هەیە بۆ ئەو چیایەی کە دامەزراوەی ژێرزەمینیی فۆردۆی تێدایە.
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار جەختی لەوەکردوەتەوە کە ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
دوێنێ سێشەممە خوازیاری خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران بوو.
