دەمیرتاش له‌باره‌ى جه‌نگى ئێران‌و ئیسرائیل چى وت؟

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4689 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، دیدی سیاسیی خۆی لەبارەی جەنگی ئێران‌و ئیسرائیل ڕاگەیاند، داواشده‌كات، بەرەی ناوخۆیی لەتورکیا بەهێز بکرێت.


دەمیرتاش کە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە لەزیندانی ئەدیرنە دەستبەسەرە، دیدی سیاسی سەبارەت بەشەڕی ئێران‌و ئیسرائیل خستەڕوو داوای کۆتاییهێنان بەهێرشەکانی ئیسرائیل‌و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ تاران کردوە، جەختیشده‌كاته‌وه‌، لەبەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی تورکیا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لەپەیامێکی دەستنوسدا کە لەژێر ناوی "کاتی ئازایەتییە نەک حەماسەت" کە لەهەژماری فەرمی خۆیدا لەتۆڕی "ئێکس" بڵاویکردوەتەوە، ڕەخنەی لەڕژێمی ئێران گرتوە بەهۆی نەبونی دیموکراسی‌و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەڵام دەستێوەردانی ئیمپریالیستی ڕەتدەکاتەوەو جەختی لەوەکردوەتەوە، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیریی بەخۆوە نابینێت تا دەستێوەردانی دەرەکی بەردەوامبێت".

هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە لەپێناو بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی تورکیا داوایکردوە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان لە 27ی شوبات سەربخرێت، ئەوەش بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی پەکەکەو لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی، جگەلەوەی داوای ئازادکردنی ئەو سەرۆک شارەوانیانەی کردوە کە لەشوێنیان قەییوم دانراون‌و هەروەک کۆتاییهێنان بەدەستوەردانی دادوەری لەکاروباری سیاسیدا.

هەروەها هۆشداریدا لەبەدواداچون بۆ دەستکەوتی سیاسی ناوخۆیی‌و جەختی لەوەکردەوە، یەکگرتویی نیشتمانیی تاکە ڕێگەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگەکان‌و وتوشیەتی، ئەگەر پێویست بکات دەبینە سوپایەکی میللی کە 86 ملیۆن کەسی پێکهاتوە.