شارپرێس:
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى بەئەکسیۆس لهزارى سهرچاوهكانیهوه بڵاویكردوهتهوه، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لهڕێگەی بەشاره بەحبەح بازرگانی فەڵەستینی ئەمریکی پەیامێکی ئاراستەی حەماس کردوە، ڕاشیگەیاند، "ئەگەر ئاگربەستەکەی 60 ڕۆژە بەردەوامبێت، ئیدارەی ترەمپ پابەندە بەگەرەنتیکردنی ئاگربەستەکە".
سەرچاوە ئاگادارەکە ڕاشیگەیاندوه، دانوستانەکانی ڕۆژانی دوشەممەو سێشەممەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، تیشکیانخستوهتەسەر نەخشەی دوبارە جێگیرکردنەوەی سوپای ئیسرائیل لەکەرتی غەززە.
ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیلو حەماس توانییان سێ لەسەر چواری کێشە هەڵپەسێردراوەکە لەمیانی دانوستانەکانی نزیکی لەدهوحە چارەبکەن، ئاماژەی بەوەشکردوه، "هیوادارین تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بگەینە ڕێککەوتن".
لای خۆیەوە حەماس داوادەکات سوپای ئیسرائیل بکشێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە بەر لەئاگربەستی پێشوو لەمانگی ئادار هەیبوو، بەڵام ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ئەوکارە بکات.
بهگوێرهى سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە، ناکۆکی سەرەکی کە ماوەتەوە پەیوەندیی بەپرسی کشانەوەی سوپای ئیسرائیلەوە هەیە لەغەززە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ترەمپو ناتانیاهۆ بۆ ماوەی 90 خولەک کۆبونەوەو تاووتوێی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بەئاگربەست لەغەززەو ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسیان کرد.
هەروەها شاندێکی قەتەریش پێش کۆبونەوەی ترەمپو ناتانیاهۆ ڕۆژی سێشەممە گەیشتونهته کۆشکی سپیو چەند کاتژمێرێک کۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی کردوه.
