شارپرێس:
پەرلەمانی عێراق، بە نوسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکات پەلە بکات لە ناردنی بودجەی ساڵی 2025 بۆ پەرلەمان تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و داوا لە وەزیری دارایی دەکات پەلە بکرێت لە ناردنی خشتەکانی بودجەی 2025 بۆ پەرلەمان تا پەسەند بکرێت.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، رێگە بە خەرجکردنی پارە بدرێت بۆ پێویستییەکانی دامودەزگا حکومییەکان.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی (77/دووەم) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵیدا بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025، دەبوو پێش کۆتاییهاتنی ساڵی رابردوو، خشتەکانی بودجە بنێردرایە بۆ پەرلەمان.
بودجەی فیدراڵیی “سێ ساڵە”، لەساڵی 2023 بۆ ساڵانی 2023، 2024، و 2025 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لای خۆیەوە خشتەی بودجە بۆ هەر ساڵێک پەسەندبکات، لەئێستاشدا، خشتەی بودجەی ساڵی 2025 هێشتا لای حکومەتە.
ش.ح