لەبارەی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە هۆشداری بەهاوڵاتیان دەدرێت

عیراق

12/07/2025‌ 3178 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەشناسی عێراق هۆشداری لەبەرزبونەوەی پلەكانی گەرما دەدات و كەشناسی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، پلەی گەرما دەگاتە نزیكەی 50 پلەی سیلیزی.
 بەرگری شارستانیش چەند رێنمایی و هۆشدارییەک رادەگەیەنێت.


بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرزدەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و بۆ ماوەی هەفتەیەك بە بەرزی دەمێننەوە.

هاوكات بەرگری شارستانی رایگەیاندووە، رێنماییەکانمان بۆ سەلامەتی هاوڵاتیانە بۆیە داوا دەکەین بە گوێمان بکەن.

بەپێی یەکێک لە رێنماییەکان، خۆپاراستنە لە تیشکی خۆر، داواکراوە هاوڵاتیان لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 4ـی ئێوارە خۆیان نەدەنە بەر تیشکی خۆر.

داواش دەکات لە شوێنە مەترسیدارەکان دووربکەونەوە و لەو شوێنەی قەدەغەکراوە مەلە نەکەن.

بۆ ئەو کەسانەی ئاژەڵ و باڵندەیان هەیە، بەرگری شارستانی داوای کردووە کە ئاوی پێویست و سێبەریان بۆ دابین بکرێت و نەخرێنە بەر تیشکی خۆر.

چەند رێنماییەکی تری بەرگری شارستانی:

رانەگرتنی ئۆتۆمبێل لەبەر تیشکی راستەوخۆی خۆر.

فڕێنەدانی پاشماوەی جگەرە.

دورخستنەوەی ئەو کەرەستانەی لەناو ئۆتۆمبێلدا دەبنە هۆی ئاگرگرتن وەک (چەرخ، عەتر، سپرا، چاویلکە، پاوەر بانک و مۆبایل).

پڕکردنی تانکی بەنزین لە شەواندا و خۆبەدوورگرتن لە پڕکردنی تەواوی تانکییەکە.

دانەنانی بتڵی غاز و تانکیی سووتەمەنی لەبەر تیشکی خۆر.

ش.ح