شارپرێس:
67 ساڵ به‌سه‌ر ڕوداوه‌كانی 14ی تەمموزی ساڵی 1958 له‌عێراق تێده‌په‌ڕێت كه تێیدا كۆتایی به‌ڕژێمی پاشایه‌تی هێنراو سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات گۆڕدرا بۆ كۆماری، هه‌رچه‌ند له‌ناو عێراقییه‌كان‌و ده‌قه یاسایی‌و ده‌ستورییه‌كانی ئه‌و وڵاته به‌شۆڕشی 14ی ته‌مموز ناسراوه، به‌ڵام زۆرێك له‌مێژونوسان به‌كوده‌تا وه‌سفیده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا نه‌توانراوه پێناسه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ ئه‌و ڕوداوه مێژوییه له‌عێراق دیاریبكرێت، ئاخۆ شۆڕش بوو یانیش كودەتا؟
هۆكاری ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی عێراق ئه‌و ڕوداوه‌یان به‌شۆڕش وه‌سفكردوه ئه‌وه‌یه، كه له‌دامه‌زراندنی حكومه‌تی عێراقه‌وه له‌ساڵی 2021وه به‌پشتیوانی به‌ریتانیا، خه‌ڵك له‌ڕژێمی پاشایه‌تی بێزاربون‌و بۆ كۆتاییهێنان به‌و شێوازه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی‌و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، خه‌ڵكی عێراق بڕیاریاندا كۆتایی به‌ڕژێمی پاشایەتی بهێنن‌و سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بكه‌ن به‌كۆماری.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لەبەرەبەیانی 14ی تەمموزی 1958 ئه‌و ڕوداوه بەسەركردایەتی عەبدولكەریم قاسم‌و عەبدولسەلام عارف ئەنجامدراو دوای كۆنترۆڵكردنی فەرماندەیی گشتیی سوپا، بارەگای ڕادیۆو بەدالەی ناوەندیی، لەهەمان ڕۆژدا یەكەم بەیاننامەی ڕاگەیاندنی كۆماری عێراق بڵاوكرایەوە.
هه‌رچی مێژونوسانیشن كه به‌رگی كوده‌تای سه‌ربازیی به‌به‌ر ئه‌م ڕوداوه‌دا ده‌كه‌ن، له‌ڕوانگه‌ی مرۆییه‌وه گێڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی داروده‌سته‌ی عەبدولكەریم قاسم‌و عەبدولسەلام عارف هێرشیانكردەسەر كۆشكی كۆماری‌و هەموو ئەندامانی خێزانی پادشایان به‌مه‌لیك فه‌یسه‌لی دوه‌میشه‌وه كه به‌پاشای گه‌نج ناسرابوو، كۆمه‌ڵكوژ كرد‌و دەستیان لەخزمه‌تكارو چێشتلێنه‌ره‌كانیش نەپاراست‌و به‌بێ لێپرسینه‌وه‌و دادگاییكردن 100 كه‌سیان له‌منداڵان، باخەوان، خزمەتكار كوشت.
تەنانەت (عەبدولستار سەبع عەبوسی) خاوەنی كۆمەڵكوژیەكەش دانی بەوەداناوە كە هیچ كەسێك فەرمانی كوشتنی پێنەكردوەو وێڕای ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی ئاڵای سپییان هه‌ڵكردوه‌و خۆیان ڕاده‌ستكردوه، به‌ڵام ئه‌وان له‌بڕیاره‌كه‌یان بۆ كۆمه‌ڵكوژكردنیان پاشگه‌ز نه‌بونه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ش له‌لاپه‌ڕه‌كانی مێژودا تۆماركراوه، كه لاشه‌ی سیمبوڵه‌كانی پاشایه‌تی پارچه كراون‌و به‌ستونه‌كانی كاره‌باوه هه‌ڵواسراون‌و له‌شه‌قامه‌كانی به‌غدا سوكایه‌تییان پێكراوه، به‌ڵام قۆناغه‌كانی دواتریش له‌عێراق، خوێناویتربون‌و هه‌ندێك له‌سیاسه‌تمه‌دارو مێژونوسان پێیانوایه، ئه‌وه‌ی ئه‌وكات ڕویدا، هێشتا كۆتایینه‌هاتوه‌و هۆكاری سه‌ره‌كییه له‌وه‌ی تائێستاش عێراق بەردەوام خوێنی لێبچۆڕێت، بۆیه تائێستاش ئه‌و وه‌ڵامه نه‌زانراوه، ئاخۆ ئه‌وه‌ی ڕویدا كوده‌تا بوو، یان شۆڕش؟!
