ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەنرا

عیراق

14/07/2025‌ 706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکانی عێراق لەکۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا ئاڵنگارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان و کاریگەرییان لەسەر ئارامی عێراق تاوتوێکرد، هەروەها جەختیشکرایەوە لەسەر رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.


چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمڕۆ دووشەممە لایەنەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە لە نوسینگەی حەیدەر عەبادی و بەئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە، تێیدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکرا ".

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو ئاڵنگارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە کرا کە ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر ئارامی و سەقامگیری و پڕۆسەی سیاسی عێراق هەبێت، جەختیشکرایەوە کە هەموو لایەنەکان بە یەک هەڵوێستی نیشتیمانییەوە ڕوبەڕوی ئەو ئاڵنگارییانە ببنەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبونەوەکە، هەر لەو کۆبونەوەیەدا پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتو لەعێراق تاوتوێکرا و بەشداربوان گرنگی رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەکە دوپاتدەکەنەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست و ئازادانە بەڕێوەبچێت .

محەمەد سەردار