چۆن عێراق لەهەڕەشەیەکی مەترسیدارتر لەداعش ڕزگاریبوو؟

عیراق

15/07/2025‌ 4039 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان لەبەغدا بەڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"یان ڕاگەیاندوە، دەسەڵاتدارانی عێراق ترسیان لەوە هەبوە لەشەڕی ئیسرائیل-ئێران تێوەبگلێن، کە بە"هەڕەشەیەکی بونیادی"و مەترسیدارتریان لەڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش زانیوە.


سەرچاوەکان ڕونیانکردوه‌تەوە کە «داعش جەستەیەکی نامۆ بوو کە دەبوو جەستەی عێراق دەریبکات، بەتایبەتی لەسایەی ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتی‌و هەرێمییەی کە بەغدا لەڕوبەڕوبونەوەیدا بەدەستیهێنا، بەڵام شەڕەکە هەڕەشەی لەیەکێتیی عێراق دەکرد».

ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، ئەم "هەڕەشە بونیادییە" لەوەوە سەرچاوەیگرتوە کە بەغدا لەڕێگه‌ی ئازەربایجان‌و کەناڵی ترەوە پەیامی لەئیسرائیلەوە پێگەیشت، کە وەڵامێکی "توندو بەئادار" دەداتەوە بۆ هەر هێرشێک لەخاکی عێراقەوە بکرێتەسەری، واشنتۆنیش زمانی لەئامۆژگارییەوە گۆڕی بۆ هۆشداری ڕاستەوخۆ.

دەسەڵاتدارانی عێراق ترسیان لە"سیناریۆی کارەسات" هەبوو: ئەگەر گروپە عێراقییەکان هێرشبکەنەسەر ئیسرائیل، ئیسرائیل بەتیرۆرکردنی سەرکردەکانیان وەڵامدەداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گەرمبونی شەقامی شیعەو ڕەنگە مەرجەعییەت ناچاربکات هەڵوێست وەربگرێت کە قەیرانەکە دەکاتە ڕوبەڕوبونەوەیەکی شیعە-ئیسرائیل.

سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ترسی ئەوەی لێدەکرا کە ببێتە هۆی دوبارە سەرهەڵدانەوەی ناکۆکی نێوان شیعەو سوننەو هەڕەشە لەیەکپارچەیی عێراق بکات، هەروەک، کوردیش ڕەنگە خۆی لەبەغدا دوربخاتەوە بۆ ئەوەی تێوەنەگلێت لەشەڕێکدا کە نایەوێت.

حکومەتی سودانی بەتێکەڵەیەک لەتوندوتیژیی‌و ژیری مامەڵەیکرد؛ بەگروپەکانی ڕاگەیاند کە هیچ هەوڵێک بۆ تێوەگلاندنی وڵات قبوڵناکات‌و کەناڵەکانیشی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، کراوە هێشتەوە.

چەند هۆکارێک یارمەتیدەربون لەهێورکردنەوەی دۆخەکە:
1ـ ئێران هانی گروپەکانی نەدا بۆ تێوەگلان لەشەڕەکەدا.
2ـ گروپەکان تێگەیشتن کە شەڕەکە لەتوانای ئەوان گەورەترە، بەتایبەتی دوای بینینی زیانەکانی "حزبوڵڵا" لەلوبنان‌و دزەکردنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بۆ ناو ئێران.

سەرەڕای ئەمەش، "میلیشیا شیعییەکان" سێجار هەوڵی هێرشیاندا، بەڵام دەسەڵاتداران پێش ئەنجامدانیان پوچەڵیان کردنەوە.

سەرچاوەکان پێیانوایە، ئێران برینێکی قوڵی بەرکەوتوە، چونکە ئیسرائیل شەڕەکەی گواستەوە بۆ خاکی خۆیی‌و ئەمریکای هاندا بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، هەروەک ئەگەری دەستپێکردنی جەنگێکی تریان بەدورنەزانیوە «ئەگەر ئێران سازشێکی پێویست لەدۆسیەی ئەتۆمی نەکات».