شارپرێس:
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لەكاركردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكان و كۆمپانیای HKN ئینێرجی ئەمریكی كرد،كە ئەمڕۆ گرێبەسێكی لەگەڵ عێراق واژۆکرد.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لەگەڵ ماتیو زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN ئینێرجیی ئەمریکی و ستیڤن ڤاگن، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کۆبوەوە.
بەگوێرەی راگەیاندراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیران، سودانی خواستی حکومەتەکەی دەربڕیوە بۆ فراوانکردنی تواناکانی کەرتی بەرهەمهێنانی نەوت، لە چوارچێوەی ئەو دیدگایەی کە حکومەتەكەی پەیڕەوی دەکات و پشت بە زیادکردنی بەرهەم و وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ بەستووە، بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە بواری وزەدا.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکوەزیران پێشوازیی لە کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق کرد، بەتایبەتی لە کەرتی نەوتدا کە پێویستی بە ئاستی پێشکەوتووی تەکنەلۆژیا و پەرەپێدان هەیە، ئەوەش لەپاڵ هەوڵی حکومەت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە".
بەگوێرەی نوسینگەی سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN ئینێرجیی جەختی لە خواستی کۆمپانیاکەی کردەوە بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی عێراقدا .
ئەم کۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ لەلایەن هێرشی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنك كە کە کۆمپانیای HKN ئینرجی كاری تێدا دەكات.
هاوكات هەر ئەمڕۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكە گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکور واژۆ کرد بۆ زیادکردنی وەبەرهێنان لە کێڵگەی حەمرین کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای سەلاحەدین و دیالە.
ش.ح