شارپرێس:
له‌سنورى پارێزگاى حه‌له‌ب له‌سوریا، پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده)و هێزه‌كانى سه‌ر به‌حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع ڕویدا، په‌یامنێرى شارپرێش له‌ڕۆژئاواى كوردستان زانیاریى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ئاشكراده‌كات.
كه‌نداڵ جودى په‌یامنێرى شارپرێس له‌ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، له‌سنورى شارى دێرحافر لەڕۆژهەڵاتی پارێزگاى حەلەبی سوریا به‌هۆى دزه‌كردنى هێزێكى سه‌ر به‌حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع بۆ ناو بازگه‌یه‌كى هێزه‌كانى هه‌سه‌ده، پێكدادان دروستبوه.
کەنداڵ ئه‌وه‌شى وت:"تائێستا ورده‌كاریى پێكدادانه‌كه له‌به‌رده‌ستدا نییه".
ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، پێشئه‌وه‌ى پێكدادانه‌كه دروستبێت، هێزه‌كانى هه‌سه‌ده به‌ئاماژه سه‌ربازییه‌كان، هێزه‌كه‌ى سه‌ر به‌حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رعیان ئاگاداركردوه‌ته‌وه، چونكه هیچ هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌نێوانیاندا نییه‌و پێشوه‌خته‌ش هیچ پرس‌و ڕاوێژێك نه‌كراوه بۆ هاتنى ئه‌و هێزه، پێیانڕاگه‌یه‌نراوه نزیك نه‌بنه‌وه.
زانیاریى زیاتر ئاشكراكرد‌و ڕایگه‌یاند، "به‌ڵام هێزه‌كه‌ى دیمه‌شق سوربون له‌سه‌رئه‌وه‌ى، بچنه نزیكى بازگه‌كه‌ى هه‌سه‌ده، پێكدادان دروستبوه‌و تائێستاش زیانه‌كانى ئه‌و پێكدادانه نه‌زانراوه".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، ڕۆژى 22ى 7ى 2025، هه‌مان هێزه‌ى سه‌ر به‌حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع هه‌وڵیاندابوو به‌نهێنى بچنه ناو ئه‌و بازگه‌یه‌ى هێزه‌كانى هه‌سه‌ده‌وه، به‌ڵام هه‌سه‌ده به‌توندى ڕوبه‌ڕویان بوه‌وه‌و 11 كه‌سى لێ به‌دیلگرتن.
سێ ڕۆژ دواى ئه‌و پێكدادانه، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئه‌و 11 كه‌سه‌ى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى بەرگریى حکومەتی سوریاى ئازادکرد، دوای ئەوەی هه‌وڵیاندابوو به‌نهێنى بچنه ناو خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی هه‌سه‌ده لەناوچەی دێرحەفەرى سه‌ر به‌پارێزگاى حه‌له‌ب.
شارپرێس زانیاریى ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتوه، ئه‌و هێزه‌ى ئه‌مشه‌و هێرشیكردوه‌ته‌سه‌ر هه‌سه‌ده، ناوى (العمشات)ه‌و سه‌رجه‌م چه‌ك‌و جبه‌خانه له‌توركیا وه‌رگرتوه‌و دواى ڕوخانى به‌شار ئه‌سه‌د ڕایگه‌یاند، ئه‌وان به‌شێكن له‌وه‌زاره‌تى به‌رگریى سوریا.