جه‌نگ نزیكه‌.. میدیاى پاسداران‌و ڕێبه‌رى ئێران هۆشداریده‌ده‌ن

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4984 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوو ڕۆژنامەی ئێران کە یەکیان لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ڕێبەری ئەو وڵاتەدایەو ئەوی دیکەش سەر بەسوپای پاسدارانە، ئاشكرایانكردوه‌، "ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشدەکاتەوە سەر ئێران".


ڕۆژنامەی کەیهان کە سەرنوسەرەکەی ڕاستەخۆ لەلایەن عه‌لى خامنەییەوە دیاریدەکرێت ڕایگەیاند، "دۆخی ئێران ئاسایی نییەو ڕەنگە شەڕێکی سەخت بێتەسەر ئەو شەڕە ئابوریی‌و کۆمەڵایەتی‌و کولتورییەی ئێستا لەئارادایە".

کەیهان بەئاماژەکردن بەکێشە ئابورییەکانی ئێران نوسیویه‌تى، "هەمومان دەزانین دوژمن خەریکە پلانی دەستدرێژییەکی نوێ دادەڕێژێت".

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی جەوان کە سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانە، بەئاماژەکردن بەشەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران‌و ئسیرائیل ڕایگەیاندوە، "دەبێت هەڕەشەکانی بنیامین ناتانیاهۆ لەبارەی دوبارەبونەوەی هێرش بۆسەر ئێران بەجدی وەربگیرێ لەبەرئەوەی ئەگەری زۆرە ئەمە ڕوبداتەوە".

جەوان ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "ڕەنگە بەهۆی ئەو کێشە ئابورییانەی لەئەنجامی چالاککردنی میکانیزمی سناپ بەک توشی ئێران دەبن، هاوڵاتییان بڕژێنەسەر شەقامەکان‌و ناڕەزایی دەرببڕن".