له‌عێراق سزای لەسێدارەدان بۆ 245 بازرگانی مادەی هۆشبەر دەرچوو

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەڕێگه‌ی بەیاننامەیەکەوە دەرکردنی 245 سزای لەسێدارەدانی بۆ بازرگانانی نێودەوڵەتی مادەی هۆشبەر ڕاگەیاند، ئەمەش له‌مێژوی عێراقدا به‌بەرزترین ڕێژە داده‌نرێت.


وەزارەتەکە لەبەیاننامەکەیدا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، ئەو ڕێوشوێنانە لەچوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانە بۆ بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان‌و پاراستنی کۆمەڵگە.

حسێن تەمیمی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی وەزارەته‌كه‌ ڕایگەیاندوه‌، "جگە لەو سزای لەسێدارەدانەکان، دادگای تایبەتمەند 955 سزای هەتاهەتاییان بەسەر بازرگانانی ناوخۆییدا دەرکردوە، ئەمەش بەپشتبەستن بەلێکۆڵینەوەی ورد کە لەلایەن تیمەکانی وەزارەتەوە ئەنجامدراوە به‌گوێره‌ى مادەی 27ی یاسای مادە هۆشبەرەکان".

تەمیمی ئاماژەی بەوەشکردوه‌، "لەماوەی ساڵانی 2023-2025 بەڕێوەبەرایەتییەکە توانیویه‌تى دەستبەسەر 12 تۆن‌و 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا بگرێت، کە ئه‌وه‌ش ژمارەیەکی بێوێنەیە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو".

ڕونیشیکردوه‌تەوە، "ئەم دەستکەوتانە تەنها لەماوەی دوو ساڵ‌و نیودا زیاترن لەوەی لەساڵی 2003وە لەبەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکاندا بەدەستهاتون".

هەروەک دەڵێت، "بەڕێوەبەرایەتییەکە ئۆپەراسیۆنی چۆنایەتیی‌و هەواڵگریی ئەنجامداوە کە لەئەنجامدا تۆڕە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییە مەترسیدارەکانی هەڵوەشاندوه‌تەوە کە مەترسی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگەی عێراق دروستکردوە".