شارپرێس:
كۆمارى ئیسلامى ئێران ئاوی زێی بچوکی بەتەواوی گرتەوەو پڕۆژەی ئاوی خاس کە ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ لەو سەرچاوەوە دابیندهكرێت، ڕاگیرا، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەڵادزێش هەوڵی چارەسەرکردنی خێرای کێشەکە دەدات، بەڵام دڵنیانییە لەوەی، دەتوانن ئاوی خواردنەوەی ناوچەکە دابین بکەن یاخود نا.
بهگوێرهى سهرچاوهكانى ههواڵ، بەهۆی وەستانی پڕۆژەی ئاوی خاس، بۆ ماوەیەک دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکانی قەڵادزێ وەستاوە، ئەمەش کێشەی بۆ هاوڵاتییانو دانیشتوانی ناوچەکە دروستکردوە.
لهوبارهیهوه مارف مەحمود بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ ئاشكرایكردوه، ئێران بۆ پڕکردنەوەی گرفتی کارەبا لەناوخۆدا، لەبەنداوی کۆڵەسە کە دەکەوێتە سنوری شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەنداوێکی لەساڵی 1017وە لەسەر زێی بچوک دروستکردوە، پڕۆژەیەکی کارۆئاوی لەسەر پڕۆژەکە داناو کە توانای بەرهەمهێنانی 150 مێگاوات کارەبای هەیە، ئێستا ئێران پڕۆژەکەی بەکارخستوە بۆ ئەوەی پێویستی ناوخۆی کارەبای پێ پڕبکاتەوە، بۆیە ئاوی زێێ بچوکی بەتەواوی گرتوەتەوە.
دەشڵێت، "ئێران ساڵانە لەم وەرزەدا ئاوەکەی کردوەتەوە، بەڵام ئەمساڵ، بەتایبەتیش دوای شەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، دوچاری کێشەی کەمی کارەبا بوەتەوە، بۆیە ئاوی زێی بچوک دەگرێتەوەو بۆ پڕکردنەوەی کێشەی کەمی کارەبا سودی لێوەردەگرێت".
بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ دەڵێت، "لەهەوڵی ئەوەدان چارەسەرێکی کاتی بۆ کێشەکە بکەن بەدروستکردنی بەربەست بۆ ئەو ڕێڕەوە ئاویە ناوخۆییانەی کە هەن، بۆ ئەوەی بڕە ئاوەکە، بڕژێتە نێو پرۆژەی ئاوی خاس کە ئاوی قەڵادزێ دابیندەکات، بەڵام دڵنیانین لەوەی، ئەو بڕە ئاوە بەشی خواردنەوەی دانیشتوان دەکات یاخود نا".
