شارپرێس:
جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن، توانیومانە بەسەر ئەو ئاستەنگە سیاسیی و یاسایی و ڕێکخراوەییەی بۆ گۆڕان دروستکراوە، زاڵ بین و بەرنامەی خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژی شەمە (٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥)، جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەی خۆی لە مەکۆی سەرەکی، بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید گرێدا و لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی، لەسەر دواین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەی پێویستی خستەڕو.
لەو بارەیەوە دانا ئەحمەد مەجید جەختی لە یەکگرتویی ناوخۆیی کوردی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا و زاڵبون بەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
دانا ئەحمەد مەجید لەبارەی دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان وتی، سەرەڕای ئەو کێشە و ئاستەنگە سیاسیی و یاسایی و ڕێکخراوەییەی بۆ گۆڕان دروستکراوە، بە پشتیوانی ئۆرگان و کەسایەتیەکان؛ توانراوە بەسەر لەمپەڕەکان زاڵ بین و بۆ داهاتوش بەرنامەی خۆڕێکخستنەوەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.