خۆپیشاندەرێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی ژن ژیان ئازادی لەسێدارە درا

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 314 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی میزانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ڕۆژی شەممە پیاوێک لە سێدارە درا کە تۆمەتبار بوو بە کوشتنی ئەفسەرێکی هێزە ئەمنییەکان لەئیسفەهان لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢.

گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، دەسەڵاتداران زۆرجار پشت بەو دانپێدانانە زۆرەملێیانە دەبەستن کە لەژێر ئەشکەنجەدا بەدەستیان هێناوە بۆ سزادانی خۆپیشاندەران.

ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسە لەنێو ئەوانەدا بووە کە هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی سێمیرۆم لە پارێزگای ئیسفەهان لە ٢٠٢٢داو ئەفسەرێک کوژرا.

بەم پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی  لەسێدارە دراون لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیانەی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچەکوردی خەڵکی سەقز لە ژێر دەستی پۆلیسی ئەخلاق بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جل و بەرگی ئیسلامی وڵات سەریهەڵدا، لانیکەم دەگاتە دە کەس.

مردنی ئەو کچە بووە هۆی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لەتەواوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی پێشلێکردنی مافی دەستگیرکراوەکان دەڵێت، ئەو دانپێدانانە لە ڕێگەی لێدان و زیندانی تاکەکەسی بۆ ماوەیەکی زۆر  وەرگیراون، بە شێوەیەکی ڕۆتینی وەک بەڵگە لە دادگاکاندا دەخرێنەڕوو.

بەپەلە