کرماشان چاوی لەگەشتیارانی عێراقە

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 316 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

بەهرام سولەیمانی، جێگری کاروباری سیاسی و ئەمنیی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانیی دەسەڵاتی خۆجێیی بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی گەشتیاری لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوە.

سولەیمانی لە میانی دیدارێکی لەگەڵ چالاکانی گەشتیاری لە کرماشان و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی خزمەتگوزاری گەشتیاریی عێراق وتی: پەیوەندییە لەمێژینەکانی نێوان گەلانی ئێران و عێراق بناغەیەکی تۆکمەی بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە هەموو بوارەکاندا بە تایبەت گەشتیاری ڕەخساندووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵکەوتەی پارێزگاکە لە تەنیشت عێراق و سنورە هاوبەشەکەیەوە "ڕۆڵێکی سەرەکیی پێدەبەخشێت لەم ئاڵوگۆڕانەدا".

هەروەها سولەیمانی دەڵێت، کرماشان "نوێنەرایەتی مۆزەخانەیەکی زیندو لە شارستانییەتە کۆنەکان دەکات بە شوێنەوارە هەزاران ساڵەکانییەوە، لە نوسراوەکانی بێستونەوە تا دیواری تاق بۆستان".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە فرەچەشنی سەروەت و سامانی گەشتیاریی کرماشان کرد، لە دیمەنی شاخاویی و ئاوی و ئەشکەوتەوە تا دەگاتە ڕەنگی ناوازەی چوار وەرزەی کرماشان، هەروەها میوانداریی دانیشتوانی کرماشان و خواردنە ناوخۆییەکان.

هەروەها گەشتوگوزاری ئایینی بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات زانی، بە لەبەرچاوگرتنی هاوبەشی نێوان هەردوو گەل، جگە لە توانای پارێزگاکە لە بواری گەشتیاری تەندروستیدا، ئەمەش بەهۆی ناوەندە پزیشکییە پێشکەوتوەکانی و پزیشکە پسپۆڕەکانییەوە.

سولەیمانی دەڵێت، هاوڵاتیانی عێراق دەتوانن "سودمەندبن لە خزمەتگوزارییە پزیشکییە کوالیتی بەرزەکان بە نرخێکی گونجاو، ئەمە جگە لەوەی چێژ لە دیمەنە سروشتی و مێژووییەکان وەردەگرن".

 ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ژێرخانی کرماشان "گەشەی خێرای بەخۆیەوە بینیوە بەتایبەت هۆتێل"، کە بژاردەی جۆراوجۆر بۆ گەشتیارانی بیانی دابین دەکات.

دەشڵێت، ئێمە ئامادەین گەشتی هاوبەش ڕێکبخەین و پاکێجی گەشتیاری سەرنجڕاکێش پێشکەش بکەین و وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ عێراق بەرەوپێش ببەین، بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی کرماشان وەک شوێنێکی بەناوبانگ و هەمیشەیی بۆ گەشتیارانی عێراقی بمێنێتەوە.

بەپەلە