ئه‌مڕۆ له‌به‌غدا بڕیار ده‌درێت

کوردستان

07/09/2025‌ 5781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەک لەحکومەتی عێراق ئاشكرایكرد، بۆچونی شاندی عێراق لەبارەی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی هه‌رێم ئەرێنی بوەو پشتڕاستیانکردوەتەوە به‌ له‌به‌رچاوگرتنى پرسى ده‌ستورو یاسای بودجە.


ده‌شڵێت، "هەرچەندە ناکۆکی‌و بۆچونی جیاواز هەبوە، بەڵام هەردوو ڕاپۆرتەکە یەکیانگرتوەو کۆنوسێکی هاوبەشیان نوسیوە کە بڕیارە بدرێتە محەممەد شیاع سودانی بۆ یەکلاییکردنەوەى.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە، کۆبونەوەیەکی گرنگ لەبەغدا ئەنجامدەدرێت، شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراق کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لەگەڵ سودانی کۆدەبێتەوەو کۆنوسەکەو ئەنجامی کۆبونەوەکانیان لەگەڵ شاندی هه‌رێم بەوردی دەخەنەڕوو.

به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى حكومه‌تى عێراق، شاندەکەی عێراق تێگەیشتنی باشیان سەبارەت بەبۆچونەکانی شاندی هەرێم هەیە لەبارەی داهاتی نانەوتی.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت:"ئەگەر سودانی ئه‌مڕۆ بەڕاپۆرتە هاوبەشەکە ڕازیبێت، ئەوا کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەردەبێت‌و ڕاپۆرتەکە دەباتە کۆبونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی، بەڵام ئەگەر سودانی تێبینی لەسەر خاڵێک یان دوو خاڵ هەبوو، ئەوا داوا لەشاندی دانوستانکاری هەردولا دەکات دوبارە کۆببنەوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن".

هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى حكومه‌تى عێراق ئه‌وه‌شى وت، "لەیەکنزیکبونەوەی باش هەیەو زەحمەتە پرسی داهاتی نانەوتی ببرێتە دادگای فیدراڵی یان ئەنجومەنی دەوڵەت".

هه‌ر دوێنێ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەپەراوێزی کۆڕبەندی وزە لەبەغدا بەڕۆژنامەنووسانی ڕاگه‌یاندبوو، "کێشە لەنێوان کۆمپانیا نەوتییەکان‌و حکومەتی هەرێم نەبوە، یان کۆمپانیا نەوتییەکان‌و حکومەتی فیدڕاڵ، بۆیە لەم ڕۆژانە کۆمپانیا نەوتییەکان‌و حکومەتەکانی هەرێم‌و فیدڕاڵ پێکەوە دەگەنە ئەنجامێک".

سه‌باره‌ت به‌پرسى نه‌وت، عەلی نه‌زار بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئاشكرایكردبوو، "لەلایەن ئێمەوە لەبارەی ڕێككەوتن‌و گرێبەستەكان هەموو شتێك تەواوكراوەو هەموو ئامادەكارییەك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە کراوە".

جه‌ختیشیكردبوه‌وه‌، "ئێستا ئێمە چاوەڕێین نەوتمان بۆ بنێرن، هەروەها وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان‌و نەوتیش هەموو هەوڵێکیان بۆ دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوت خستوەتەگەڕ".