شارپرێس ـ هەردی حەسەن:
دوای تێپەڕینی چوار ڕۆژ بەسەر گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، ئهمڕۆ بۆ جارێکی دیكه ئاوەکە بەردرایەوە.
مارف مەحمود بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس بەشارپرێسی ڕاگەیاند، "لەئێستادا کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی زێی بچوکی بەرداوەتەوەو ئەو بەربەستەی کە لەئاست پڕۆژەی ئاوی خاس بۆ گلدانەوە ئاو دروستمانکردبوو، بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوەکە ڕوخاوه، لەئێستادا دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە لەقەڵادزێ کێشەی نییە".
وتیشی، "ساڵانە لەم وەرزەدا دوچاری ئەو گرفتە دەبینەوە، ئهوهش لهكاتێكدایه ساڵانه ئێمه ئامادەکاریی خۆمان دەکەین بۆ چارەسەری ئەو گرفتە، لهو ڕوهشهوه چەندین نوسراومان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارکردوە".
ئهوهشى وت، "لەئێستادا کۆمپانیایەک لەهەوڵی دیزانی بەربەستێکی کۆنکرێتیدایە لەئاست پڕۆژەی ئاوی خاس تا ئاوی پێویست گلبداتەوەو پڕۆژەی ئاوی خاس لەکارنەکەوێت".
پڕۆژەی ئاوی خاس لەقەزای پشدەر پڕۆژەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە 95 هەزار دانیشتوانی قەزای پشدەر (قەڵادزێ)یە کە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ پڕۆژەکە پشت بەئاوی زێی بچوک دەبەستێت.
دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەنداوی کۆڵەسەی لەسنوری سەردەشت بونیادنا ساڵانە لەم وەرزەدا ئاوی زێی بچوک دەگرێتەوە بەمەش لەدەڤەری پشدەر گرفتی بێ ئاوی سەرهەڵدەدات.
لەدوای جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیلو ئێران، لەئێستادا ئێران لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتی کارەبای ناوچە جیاجیاکانی خۆی ناوەناوە ئاوی بەنداوی کۆڵەسە دەگرێتەوەو دواتر بەریدهداتهوه.
