رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە سەردانی کۆشکی سپی دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. ئەمە یەکەم سەردانی ئەردۆغان دەبێت بۆ کۆشکی سپی لەدوای ساڵی 2019ـەوە، کاتێک ترەمپ لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە کۆشکی سپی بوو. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە بە چەند قۆناغێکی جیاواز و ئاڵۆزدا تێپەڕیوە.
ئەوەی ئێستا بووەتە جێگەی ترس ئەو لێدوانەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریایە کە وتی، ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ هەسەدە تێکەڵی سوپای سوریا نەبێت، ئەوا تورکیا هێرش دەکاتەسەر هەسەدە..
هەسەدە پێداگرە لەسەر دیالۆگ و دورخستنەوەی سوریا لە جەنگێکی نوێ، بەڵام نەشیانشاردوەتەوە کە ئامادەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تورکیا و هێزەکانی ئەحمەد شەرع، ئەگەر هێرشبکەنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەوەی هاوکێشەکە یەکلادەکاتەوە فەرەنسایە، چونکە بە قورسیی لە دانوستانەکانی دیمەشق و ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەیی هەیە و ڕێگرە لەوەی هێزەکانی ئەحمەد شەرع هێرشبکەنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان.
چاودێران پێیانوایە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەمریکا، هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە بۆ لێدان لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام پێناچێت ئیسرائیل و فەرەنسیەکان هێندە بە ئاسانیی بەو جوڵەیەی تورکیا ڕازی ببن.
