بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
ڕاپۆرتی (وانەکانی شەڕى ١٢ ڕۆژە بۆ تورکیا) کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٥ لە لایەن ئەکادیمیای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (MİA) بڵاوکرایەوە، خاڵی وەرچەرخانە بۆ بیرکردنەوە لە چەمکەکانی ئاسایشی نەتەوەیی. ئەم ڕاپۆرتە بە شیکردنەوەی شەڕى ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە داهاتووی شەڕەکان نەک تەنیا لە بەرەکانی شەڕ بەڵکو لە بواری شەڕى سایبیری، ئەلکترۆنی، دەروونی و زانیاریشدا ئەنجام دەدرێن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) پێشنیاری ئەوە دەکات کە کۆمەڵگاى تورکی بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە پرۆسەی ئاسایش و هەواڵگریدا بکات.
پێشەکی
پێشهاتە ئەمنییەکان لە دەیەکانی ڕابردوودا دەریانخستووە کە چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی چیتر تەنیا لە سنوورە جوگرافییەکان و شەڕە سەربازییە کلاسیکییەکاندا قەتیس نەماون. لەگەڵ فراوانبوونی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و تۆڕەکانی پەیوەندیکردن و سەرهەڵدانی هەڕەشە ئاوێتەکان/ Hybrid Threats، دەوڵەتەکانى جیهان ڕووبەڕووی ئاڵنگارى پێناسەکردنەوەی ئاسایشی نیشتمانی دەبنەوە لە چوارچێوەیەکی زۆر ئاڵۆزتر و فرەڕەهەنددا. یەکێک لە دەرکەوتە نوێیەکانی ئەم دووبارە پێناسەکردنەوە، هەوڵی بەشێک لە وڵاتانە بۆ ڕاکێشانی تەواوی کۆمەڵگایە بۆ ناو بواری کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و بەشداریکردن لە پڕۆژە ئەمنییەکاندا.
لە مانگی ئابی ٢٠٢٥دا، ڕاپۆرتێک لە ژێر ناوی (وانەکانی شەڕى ١٢ ڕۆژە بۆ تورکیا/ 12 Gün Savaşı ve Türkiye İçin Dersler) لە لایەن ئەکادیمیای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا سەر بە ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی-میت بڵاوکرایەوە. ڕاپۆرتەکە بە شیکردنەوەی شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە ئایندەی ململانێکان نەک تەنیا لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکو لە گۆڕەپانی ئەلکترۆنی، دەروونی و زانیاریشدا دیاری دەکرێت. جەختکردنەوە لەسەر بەشدارى تەواوى کۆمەڵگا لە پڕۆسەى کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریدا یەکێک بوو لە بەشە مشتومڕاوییەکانی ڕاپۆرتەکە. لە دەقەکەدا هاتووە کە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن وایکردووە تەواوى ئەندامانى کۆمەڵگا بتوانن وەک سەرچاوەی زانیاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی ڕۆڵ بگێڕن. تێڕوانینێکی لەو شێوەیە، لەگەڵ بانگەوازی بەشداریکردنی میدیا لە بڵاوکردنەوەی زانیارى بەمەبەست و دروستکردنی کولتووری زانیاری، گفتوگۆی بەرفراوانی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، ئازادیی میدیا و ئەخلاقی ئەمنی بەدوای خۆیدا هێناوە.
گرنگی ئەم پرسە بۆ تورکیا دوو هێندە گرنگە چونکە لە لایەک لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا هەڵکەوتووە و خۆی بەرەوڕووی چەندین هەڕەشە دەبینێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ناوخۆیی دەبێتەوە وەک سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و قەیرانی متمانەی کۆمەڵایەتی. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، بەشداریکردنی تەواوى کۆمەڵگەی مەدەنی لە پڕۆژەکانی هەواڵگریدا دەتوانێت کاریگەری قووڵتری هەبێت لەوەی کە لە یەکەم نیگادا دەردەکەوێت.
شەڕە نوێیەکان و گۆڕینی چەمکی ئاسایش
پەرەسەندنی سروشتی جەنگ: لە سەدەی بیست و یەکەمدا، شەڕەکان چیدی لە سەنگەرنی سەربازەکاندا سنووردار نەماون. سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و تۆڕەکانی زانیاری جیهانی و وابەستەیی ئابووریی، سنوورەکانی نێوان شەڕ و ئاشتیی کاڵ کردووەتەوە. چەمکی شەڕی ئاوێتە، وەک ڕێبازێک کە ئامرازە سەربازی و ئەلیکترۆنی و ئابووری و دەروونییەکان تێکەڵ دەکات، ئێستا بووەتە پێناسەی باڵادەستی شەڕی مۆدێرن. ڕەهەندە نوێیەکانی شەڕ لە ئێستادا ئەکرێت بڵێین بریتین لە:
1. هێرشی سایبیری: هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی گرنگی وڵاتان.
2. هێرشی ئەلکترۆنى: لەکارخستنی ڕادار و سیستەمی پەیوەندی.
3. هێرشی دەروونی: دەستکاریکردنی ڕای گشتی لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
4. هێرشی زانیاری: داتا و گێڕانەوەکان بوونەتە گۆڕەپانی سەرەکی شەڕ.
کۆمەڵگا وەک مەیدانی شەڕ
لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵگا چیتر تەنیا زەمینەى پشت بەرەى شەڕ نییە، بەڵکو بەشێکە لە سەنگەری شەڕ. نموونەی ئیسرائیل و چین و ئەمریکا دەریدەخات کە بەشداریی هاووڵاتیان لە پاراستنى ئاسایشی نیشتمانیدا بووەتە ڕەوتێکی جیهانی.
ئاسایشی نیشتمانی چیتر بە مانای تەنها پاراستنی سنوورەکان نییە، بەڵکو پاراستنی داتا و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و ڕای گشتیش دەگرێتەوە. ئەم پێشهاتە ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بە تەواوى چین وتوێژەکانەوە بچنە ناو پڕۆسە هەواڵگرییەکانەوە. ڕاپۆرتی شەڕی 12 ڕۆژە و وانەکانى بۆ تورکیا بە ڕاشکاوی جەخت لەسەر پێویستی بەشداری کۆمەڵگە لە کۆکردنەوەی زانیارى هەواڵگریدا دەکاتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە گۆڕانکاریی لە هاوکێشەکانى پاراستنى ئاسایشی نەتەوەیی تورکیادا دەردەخات: لە پشتبەستن بە تەنیا بە دامەزراوە فەرمییەکان بۆ بەئەندامگرتنى تەواوى کۆمەڵگا لە کۆکردنەوەى زانیارى هەواڵگریدا.
ئاسایش و شیکاری ستراتیژی
MIT پێی وایە لە سەردەمی هەڕەشەی تێکەڵاوەكاندا، هەموو هاووڵاتییەک هەستەوەرێکی مرۆییە و خێرایی دەستڕاگەیشتن بە داتاکان دەتوانێت چارەنووسی شەڕەکە بگۆڕێت سوودە ئەگەرییەکانى ئەم حاڵەتە:
1. لامەرکەزی بوونى تۆڕی زانیاری.
2. کەمکردنەوەی تێچووی کۆکردنەوەی زانیاری.
3. زیادبوونی خێرایی ئاگادارکردنەوە.
4. بەهێزکردنی خۆڕاگری نیشتمانی.
بەراوردکاری نێودەوڵەتی
1. ئیسرائیل: ئیسرائیل ساڵانێکی زۆرە چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی هەمەلایەنە جێبەجێ دەکات. بەشداری هاوڵاتیان لە ڕاپۆرتکردنی هەڕەشە ئەمنییەکان بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی بەرگری وڵات. لە هەندێک ناوچەی سنووریدا بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان یان سنووردارکردنی تواناکانی وێنەگرتن سنووردار کراوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی چوونە دەرەوەى زانیاری و سیخوڕی. لەوەش گرنگتر، ڕاهێنانی ئەمنی لە قوتابخانەکان و هەڵمەتە گشتییەکاندا، هاوڵاتیانی هەستیار کردووە بەرامبەر بە هەڕەشە ئەلیکترۆنی و دەروونییەکان.
2. چین: چین سیاسەتێکی هاوشێوە پەیڕەو دەکات کە پێی دەوترێت ئاسایشی نەتەوەیی هەمەلایەنە. لە ڕێگەی سیستەمی چاودێری و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و پەروەردەی گشتی هاوڵاتیان هاندەدرێت بۆ بەشداریکردن لە پاراستنى ئاسایشی ناوخۆدا. چین جەخت لەسەر تێکەڵکردنی چاودێری تەکنەلۆژی لەگەڵ کلتوری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە، تەنانەت منداڵان و هەرزەکارانی کردووە بە بەشێک لە سیستمی ئاسایشی لە ڕێگەی بەرنامە پەروەردەییەکانەوە.
دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان
1. ناکۆکی لەگەڵ ڕێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤ: بەشداریکردنی تەواوى کۆمەڵگا لە پرۆژە ئەمنییەکان پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەی مافی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
2. تایبەتمەندی و ئازادی تاک: ئەم سیاسەتە هێڵی نێوان ژیانی تایبەت و ئاسایشی نەتەوەیی کاڵ دەکاتەوە و تەنانەت دەتوانێت فشار بخاتە سەر پەیوەندییە پەروەردەیی و خێزانییەکان.
3. میدیا وەک ئامرازێکی ئەمنی: ڕۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی کولتوری زانیاریدا، سەربەخۆیی ڕۆژنامەگەری لاواز دەکات و میدیا دەکاتە ئامرازێکی پڕوپاگەندەی دەوڵەت.
4. کاریگەری لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی: متمانەی کۆمەڵایەتی نامێنێت و جێگەى خۆى دەدات بە گومان و پەیوەندییە مرۆڤایەتیەکان تێکدەچێت.
5. کاریگەری لەسەر نەوەی نوێ: منداڵان لە کولتوورێکدا گەورە دەبن کە سیخوڕی و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی بە شتێکی ئاسایی دەبینێت.
دەرەنجام و پێشنیارەکان
1. پوختەی گشتی: ڕاپۆرتی MIT نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گرنگ دەکات لە تێڕوانینی تورکیا بۆ ئاسایشی نیشتمانی، بەڵام هێنانی تەواوى کۆمەڵگا بۆ ناو گۆڕەپانی هەواڵگری کاریگەری یاسایی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی جددی هەیە.
2. دەرفەت و هەڕەشەکان:
- دەرفەت: زیادکردنی هۆشیاری گشتی و خێراکردنی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری.
- هەڕەشە: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دروستکردنی کولتوری چاودێریکردن.
3. بە سەرنجدان بە ئەزموونەکانی تورکیا و ئیسرائیل و چین دەتوانین ببینین کە ئاسایشی نەتەوەیی لە سەدەی بیست و یەکدا چەمکێکی فراوان و فرەلایەنەیە. کۆمەڵگا تەنها بەکاربەری ئاسایش نییە، بەڵکو بەرهەمهێنەری ئاسایشە. لە هەمان کاتدا مەترسییەکانی ئەم ڕێبازەش بەرچاون: زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی هاووڵاتیان لە بابەتە ئەمنییەکاندا دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
4. ئەزموونەکانی تورکیا و ئیسرائیل و چین دەریدەخەن کە داهاتووی ئاسایش لە جیهانی ئەمڕۆدا بەرەو بە جەماوەریکردنی زانیاری و بەدامەزراوەییکردنی کولتوری ئەمنی دەڕوات. هەرێمی کوردستانیش بە ڕەچاوکردنی ئەم مۆدێلانە دەتوانێت ستراتیژییەکی هاوسەنگ لە نێوان ئاسایشی بەشداریکردن و پاراستنی متمانەی کۆمەڵایەتیدا دابڕێژێت بەمەرجێک بتوانێت ئەو درزەى کە کەوتۆتە نێوان تاک و دەسەڵاتەوە بە دروست کردنەوەى متمانە پڕبکاتەوە.
سەرچاوەکان
1. National Intelligence Academy of Turkey. (2025). War of 12 days and lessons for Turkey. Ankara: MİA Publications.
2. Ben-Israel, I. (2019). Cybersecurity and national resilience in Israel. Tel Aviv University Press.
3. Zhao, L. (2021). Comprehensive national security in China: Theory and practice. Beijing: China Social Sciences Press.
4. Lustick, I. S. (2020). Paradigm lost: From two-state solution to one-state reality. University of Pennsylvania Press.
5. Creemers, R. (2017). Cyber China: Upgrading propaganda, public opinion work and social management for the twenty-first century. Journal of Contemporary China, 26(103), 85-100.
6. Erşen, E. (2022).
shaza maila, [10/3/2025 6:57 PM]
Turkey’s security culture and intelligence reforms in the 21st century. Middle Eastern Studies, 58(4), 512–530
