ئەنەکەسە بۆ ئەحمەد شەرع: دەسەڵاتە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان دەیان ساڵە ناتوانن ڕێگری لەنەورۆز بکەن

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 463 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا ئەنەکەسە لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، گەلەکەمان کاروانی شەهیدانی پێشکەش کردووە بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەکەی و نەورۆز.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل کە ئیدارەی دیمەشق ڕۆژی یەکشەممە ئەنجامیدا لەگەڵ ئەو میکانیزمەی کە پەسەندی کرد، هاوتەریب نەبوو لەگەڵ جەوهەری گۆڕانکاری و ئامانجی خوازراوی سیاسی.

دەشڵێت،  دەستور کە گوزارشتی لە شوناسە هەمەچەشنەکانی گەلی سوریا نەکرد و  تایبەتمەندی گەلی کورد و داواکارییەکانی پشتگوێ خست، هاوکات سەرۆکایەتی سوریا لەفەرمانی پشووە فەرمییە نیشتمانی و ئایینیەکاندا نەورۆزی وەک، جەژنی نەتەوەیی گەلی کورد پشتگوێخست.

 ڕونیشیکردەوە، دەسەڵاتە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان دەیان ساڵە ناتوانن ڕێگری  لە ئاهەنگگێڕانی نەورۆز بکەن. گەلی کورد کاروانی شەهیدانی پێشکەش کردووە بۆ بەرگری لە ناسنامەی خۆیان و مافی خۆیان کە ئەم ڕۆژە وەک جەژنی ئازادی و ئاشتی بەڕێوە ببەن، کە هاوکات نوێنەرایەتی بەهایەکی نەتەوەیی دەکات. میراتێکی کولتووری مرۆیی و مێژووییەو هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژێکی هێمای ڕزگاری ناسێندرا.
ئ.ە