شارپرێس:
کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری شارەزایانەوە هۆشداری داوە لە پەرەسەندنی کاریگەریی "ئیمپراتۆریەتی سێبەر"ی ئێران لە ناوچەکەدا لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و پەرەسەندنی خواستی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە بێکۆتاکان دێتە ئاراوەو شارەزایانی ئەمنیش نیگەرانن لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە عێراق و سوریا دروست دەبێت، ئەمە جگە لەو مەترسییە ڕاستەوخۆیەی ئێران دروستی دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵەکە، ئێران دەیان ساڵە کاری بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا کردووە و لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە ئامادەیییەکی قوڵی چەسپاو و زۆر ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا دروستکردووە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەستکاریکردن یان پوچەڵکردنەوەی کاریگەرییەکانی قورس بێت، تەنانەت لەگەڵ گۆڕانی ڕژێمیشدا کە لە سوریا ڕوویداوە.
گرێگ ڕۆمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئینستیتیوتی کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، پەیوەندی نێوان ئێران و سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو "پەیوەندییەکە لە شەڕی ناوخۆی سوریاوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو، 40 ساڵ پەیوەندییان بەسەر بردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران هێزە چەکدارەکانی شیعەی لە سوریا، عێراق، ئەفغانستان و لوبنان بەکارهێناوە بۆ "دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی هاوتەریب" بە هەماهەنگی سوپای پاسدارانی ئێران، کە سوریای گۆڕیوە بۆ "بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنی پێشەوەی ئێران".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران نەک هەر تونێل و کۆگای چەکی ژێرزەمینی، بەڵکو بە قوڵی خۆی لە ژیانی ڕۆژانەی سوریاییەکاندا چەسپاندووە لە ڕێگەی سیستەمێکی یەکگرتووەوە کە ئەرکە سەربازییەکان لەگەڵ بەرنامە مەدەنییەکان تێکەڵ دەکات.
دەشڵێت، پێکهاتەی فەرماندەیی بە یەکخستنی سەرکردەکانی ئێران و لوبنان و عێراق سنورە تەقلیدییەکانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان تێدەپەڕێنێت.
لەبەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، لە کاتێکدا ئێران لە ئێستادا ڕوبەڕوی دژایەتی دەبێتەوە لە سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد تاران توانای ئەوەی هەیە کە سود لە نەبوونی حکومەتێکی یەکگرتوو لە سەرانسەری سوریا و ئەو دینامیکییە جیۆپۆلیتیکییە زۆر ئاڵۆزە وەربگرێت کە ئیسرائیل، تورکیا و ڕوسیا کێبڕکێ لەسەر کاریگەری زیاتر لە سوریا دەکەن.
هەروەها دەسەڵاتی نوێ لەسوریا لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا یان دروز لە باشوری ڕۆژئاوا، نەیتوانیوە لە دژی نفوزی ئێران هێزێک دابمەزرێنێت. بۆیە ڕەنگە تاران پێگەیەکی باشی هەبێت بۆ فراوانکردنی بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی سێبەردا.
ئ.ە
