شارپرێس:
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی سێشەممە ڕایگەیاند "گورزی تووند دەوەشێنن لە هەر کەسێک کە هەڕەشە لە وڵاتەکەی بکات.
ناوبراو وێڕای ڕاگەیاندنی تێکشکاندنی میحوەری ئێران و گۆڕینی ڕووخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختی لەسەر گەڕانەوەی بارمتەکان و نەهێشتنی حەماس کردەوە.
ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی هێرشەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وتی، هەرکەسێک دەست لە ئێمە بەرز بکاتەوە، گورزی تووندی بێ وێنەی لێدەدرێت، ئێمە بە ڕۆژانی چارەنووسسازدا تێدەپەڕین، بەردەوامیش دەبین لە کارکردن بۆ گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی شەڕەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان و نەهێشتنی حەماس و دڵنیابوون لەوەی کە غەززە جارێکی تر هەڕەشە لە ئیسرائیل نەکاتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند، "شەڕ لە حەوت بەرەدا شەڕێکی چارەنووسسازە بۆ نیشتمان، بۆ بوونمان و بۆ داهاتوومان. پێکەوە میحوەری ئێرانمان تێکشکاندووە، ڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان گۆڕیوە و مانەوەی ئیسرائیل مسۆگەر دەکەین".
ئ.ە